سوپای عەرەبی سووریا: چووینە نێو دێر حافر و بەرەو ناوچەکانی دیکە دەچین
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا رایگەیاند، شاری دێر حافریان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب بەتەواوی کۆنترۆڵ کردووە و ئێستا بەرەو ناوچەکانی دیکە دەچن، ئەمەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو هەسەدە بڕیاری دا لە شارۆچکەکە بکشێتەوە.
دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبیی سووریا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی وڵاتەکە (سانا) رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە بەتەواوەتی کۆنترۆڵی سەربازیی شاری دێر حافر لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حەلەب بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکە، ئێستا هێزەکانی سوپا سەرقاڵی دابینکردنی ئاسایشی شارەکەن و دەستیان بە هەڵمەتی پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و پاشماوە جەنگییەکان کردووە.
سوپای عەرەبیی سووریا ئاماژەی بە قۆناخی داهاتوویان کردووە و رایگەیاندووە، هێزەکانیان دەستیان بە جووڵە و پێشڕەوی کردووە بەرەو هەردوو ناوچەی "مەسکەنە" و "دەبسی عەفنان".
رۆژی هەینی شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەردانی شاری دێر حافریان کرد، لە کاتێکدا هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بەردەوامبوون لە هەڕەشەکردن بۆ پەلاماردانی شارەکە.
هەر شەوی رابردوو مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، سبەینێ (شەممە) كاژێر 7:00 هێزەکانیان لە رۆژئاوای رووباری فوڕات دەكشێننەوە.
عەبدی رایگەیاندبوو: "بە پشتبەستن بە بانگەوازی گەلانی دۆست و ناوبژیوانان، و لە نیشاندانی نیەتپاکیمان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکگرتن و پابەندبوون بە مەرجەکانی رێککەوتنی 10ی ئادار، بڕیارمانداوە هێزەکانمان لە هێڵە پەیوەندییەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی حەلەب کە لە دوو رۆژی رابردوودا کەوتوونەتە ژێر هێرشەوە، بکشێنینەوە، و دووبارە بڵاوکردنەوەیان بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات."