بوومەلەرزە بووەتە هۆی گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا لە تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا کە لە باکووری کوردستان و تورکیا نیشتەجێبوون، بەهۆی ترس و زیانەکانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات، دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، حکومەتی تورکیاش رێگەی داوە لە 15ـی ئەم مانگەوە ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە بەبێ ئەوەی مافی پەنابەریێتیان لە تورکیا هەڵبووەشێنرێتەوە.
لە دەروازەی سنووریی بابولهەوا لە پارێزگای ئیدلبی باکووری رۆژئاوای سووریا، هەزاران پەنابەری سووری نیشتەجێی تورکیا خەریکن دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، هۆکارەکەش بوومەلەرزەکەی رۆژی شەشی شوباتە.
عەباس باکوور، هاووڵاتی سووریی دانیشتووی تورکیایە کە لە سنوورەوەکەوە دەگەڕێتەوە وڵاتی خۆی، دەڵێ "ماڵەکەم رووخاوە؛ بەسەر یەکدا تێکشکاوە. 10، 12 رۆژە لە تورکیادا دەربەدەرین. کە بیستمان حکومەتی تورکیا رێگەی داوە بچینەوە سووریا، یەکسەر هاتین".
لە رۆژی 15ـی ئەم مانگەوە حکومەتی تورکیا رێگەی بە پەنابەرانی سووری نیشتەجێی تورکیای دا، لە ماوەی 3 تاوەکو 6 مانگدا بگەڕێنەوە سووریا، بەبێ ئەوەی مافی پەنابەرییان لە تورکیا هەڵبووەشێندرێتەوە.
زیاتر لە 3.7 ملیۆن پەنابەری سووری نیشتەجێی تورکیان و بوومەلەرزەکە زیانی بە نزیکەی 1.7 ملیۆنیان گەیاندووە.
خالید شایب، هاووڵاتییەکی دیکەی سووری لە تورکیا کە خەریکە دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی و باسی ئەوە دەکات 10 ساڵ لەمەوبەر بەرەو تورکیا کۆچی کردووە دەڵێ "هەموو شتێك باش بوو، تاوەکو ئەم بوومەلەرزەیە هات و هەموو شتێکی وێران کرد، هیچمان لە تورکیا نەما".
محەمەد بێکوش، هاووڵاتی سووریی دانیشتووی تورکیا کەسی زۆر نزیکی لە بوومەلەرزەکە لەدەستداوە، دەڵێ "هەموو شتێك وێران بوو. هەر چوار براکەمم لەدەستدا، هیچ شتێکمان بۆ نەماوەتەوە، بۆیە ئێمە هاتینە ئێرە".
جگە لە دەروازەی بابولهەوای ئیدلب، هاوونیشتمانییانی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و سوورییەکانی دیکە، لە هەردوو دەروازەی راعی و بابولسەلامە کە لەدوای بوومەلەرزەکان بۆ ماوەیەکی کاتی کراونەتەوە، دەگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 800 کەس لە دەروازەی بابولهەواوە گەڕاونەتەوە سووریا، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەمەولا ئەو ژمارەیە رۆژانە بۆ سەرووی 3 هەزار کەس بەرزببێتەوە.