فۆزا یوسف: دیمەشق داوای رادەستکردنی بێ مەرجی حەسەکە دەکات و بڕیاری ئێمەش بەرخودانە

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پەیەدە بۆ رووداو ئاشکرای دەکات، دانوستاندنەکانی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئەنجامیان نەبووە، چونکە حکومەتی دیمەشق داوای رادەستکردنی بێ مەرجی شارەکان و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە دەکات.
 
فۆزا یوسف، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنیی نەبووە و شکستیهێناوە، چونکە "شام دەڵێ پێویستە ئێوە هەموو شتێکی خۆتان رادەست بکەن و بە هیچ شێوەیەک داوای دەستکەوت نەکەن؛ دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دۆخی بەر لە ساڵی 2011."
 
سەبارەت بەو 14 خاڵەی پێشتر باسکرابوو کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، فۆزا یوسف گوتی: "حکومەت پابەندی رێککەوتنەکە نەبوو؛ ئەوان دەڵێن پێویستە هەسەدە بە تەواوی هەڵبوەشێننەوە، هەر ئەمڕۆ نەوت رادەست بکەن، تەواوی خوێندنگەکان دابخەن و پرۆگرامی خوێندن بوەستێنن."
 
بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی پەیەدە، مەرجەکانی حکومەتی سووریا بۆ رێککەوتن ئەوەیە کە "بەبێ مەرج حەسەکە و کۆبانێ رادەست بکرێن و چەک دابنرێت."
 
فۆزا یوسف رەتیکردەوە مل بۆ ئەو مەرجانە بدەن و رایگەیاند: "بڕیاری ئێمە بەرخۆدانە؛ ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام ئەوان بوون و ناسنامە و زمان و کولتووری ئێمە قبووڵ ناکەن. هەر بۆیە ئێمە دەڵێین ئەمڕۆ شەڕی مان و نەمانە و ئێمەش پارێزگاری لە خۆمان دەکەین."
 
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، فۆزا یوسف ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی حکومەت گەیشتوونەتە شەدادێ و نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە حەسەکەوە دوورن، بەڵام پێکدادان بەردەوامە. هەروەها گلەیی لە رۆڵی هۆزە عەرەبەکان کرد و گوتی: "عەرەبەکانی ئەو ناوچانە رۆڵی زۆر خراپیان گێڕا و ئەوەش کاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر شەڕ و سەنگەرەکان هەبوو."
 
رەخنە لە هاوپەیمانان
 
لەبارەی رۆڵی هاوپەیمانان و ئەمریکا لەم دۆخەدا، فۆزا یوسف بە تووندی رەخنەی لێگرتن و گوتی: "هێزی هاوپەیمانانیش لەو پیلانەدا هاوبەشن. پێشتر پێیانگوترا کە هێزەکانمان لە رەققە لە مەترسیدان، بەڵام ئەوان هیچ هێزێکیان نەناردووەتە ئەوێ."
 
سەبارەت بە دەنگۆی بۆردومانی هاوپەیمانان لە دەوروبەری زیندانی شەدادێ، ناوبراو گوتی: "ئەگەر بۆردومانیش بکەن، هیچ کاریگەرییەکی نییە، چونکە ئەوەی روویدا، روویدا و داعشییەکان لەو زیندانە ئازاد بوون."
 
دەقی هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ فۆزا یوسف، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پەیەدە:
 
رووداو: راستە کۆبوونەوەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع سەرکەوتوو نەبووە؟
 
فۆزا یوسف: ئێمەش هەواڵمان پێگەیشت کە هەڤاڵانمان لە رێگەن. چونکە شام دەڵێ پێویستە ئێوە هەموو شتێکی خۆتان رادەست بکەن و بە هیچ شێوەیەک داوای دەستکەوت نەکەن. بەر لە 2011 چۆن بوو، بگەڕێنەوە ئەوکات، چونکە ئێمە بە هیچ شێوەیەک بوونی ئێوە قبووڵ ناکەین.
 
رووداو: فۆزە خان! با بۆ خەڵک روون بێت. ئایا کۆبوونەوەکە نەرێنی بوو، هیچ پێشکەوتنێک نەبوو و هەرەسی هێنا؟
 
فۆزا یوسف: راستە، ئێمەش پەیوەندیمان بە هاوڕێیانەوە کرد. ئێوەش ئاگادارن کە لە هەموو دەروازەکاندا شەڕ هەیە. ئەو بڕیارەی ئەحمەد شەرع دابووی، جێبەجێ نەکرا. ئەوان دەیانەوێ بە گوشار شتەکان لەسەر ئێمە فەرز بکەن.
 
رووداو: مەزڵووم عەبدی گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان، یان هێشتا لە شامە؟
 
فۆزا یوسف: نەخێر لە شام نییە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووە.
 
رووداو: ئایا کاتێک دەگەڕێتەوە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دەبێت؟
 
فۆزا یوسف: ئێستا ناتوانم قسە لەسەر ئەمە بکەم، بەڵام چاوەڕێ دەکرێ دوای گەڕانەوە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکرێت.
 
رووداو: ئایا کۆبوونەوەکە چەندی خایاند؟
 
فۆزا یوسف: زانیاری و وردەکاریم لەسەر ماوەی کۆبوونەوەکە نییە، بەڵام دەزانم کە هیچ ئەنجامێکی ئەرێنیی نەبوو.
 
رووداو: باشە، دوێنێ شەرع خۆی ئەو 14 خاڵەی رێککەوتنی ئاشکرا کرد. خاڵی ناکۆک چی بوو؟ تۆ دەڵێی پابەندی رێککەوتنەکەی دوێنێ نەبووە. لە چیدا گۆڕانکاری لە گفتوگۆی ئەواندا دروست بوو؟
 
فۆزا یوسف: لەکاتێکدا هەندێک لەو خاڵانە دەبوو یەکسەر جێبەجێ بکرێن، بەڵام شام گوتوویەتی، دەبێت ئێوە هەموو شتێک رادەست بکەن، ئینجا پابەند دەبین، ئەمەش شتێک نییە ئێمە قبووڵی بکەین.
 
رووداو: رادەستکردنی چی؟ چونکە ئەوەتا هێزەکان لە رەققە و دێرەزووریش دەرچوون.
 
فۆزا یوسف: ئەوان دەڵێن پێویستە هەسەدە بە تەواوی هەڵبوەشێننەوە و هەر ئەمڕۆ نەوت رادەست بکەن. تەواوی خوێندنگەکان دابخەن و پرۆگرامی خوێندن بوەستێنن.
 
رووداو: چاودێران دەڵێن، کێشە لەسەر دەرکردنی ستافی پەکەکەیە نەک خەڵکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، ئایا ئەمە راستە؟
 
فۆزا یوسف: شتێکی وەها نییە، ئەوانەی ئێستا شەڕ دەکەن زۆربەیان ئەندامی داعشن، ئەمڕۆ گرتووخانەی داعشیان کردەوە. دەیانەوێ تۆڵەی داعش بکەنەوە. ئەمانە بیانوون و شتێکی وەها لە ئارادا نییە. بیانووی ئەوان جیایە و نایانەوێ کورد بە هیچ شێوەیەک ببێتە خاوەن مافی خۆی لە سووریا. تەواوی بابەتەکە ئەمەیە.
 
رووداو: ئێستا کۆبوونەوە سەرینەگرت. ئایا هەسەدە دەیەوێ چی بکات؟ بەتایبەتی کە ئێستا هێزێکی زۆر لە حەسەکە جێگیر کراوە. هێزی کۆماندۆ لەوێیە.
 
فۆزا یوسف: بڕیاری ئێمە بەرخودانە.
 
رووداو: بڕیاری ئێوە شەڕە؟

 

فۆزا یوسف: بڕیارمان بەرخودانە، ئێمە شەڕمان ناوێت، ئێمە بەرخودان دەکەین. ئەوان هەبوون، ناسنامە، زمان و کولتووری ئێمە قبووڵ ناکەن. دەڵێن هەروەک چۆن بەعس حوکمی دەکرد، ئێمەش بە هەمانشێوە حوکم دەکەین و ئێوەش نابێ دەنگ بکەن. هەر بۆیە ئێمە دەڵێین ئەمڕۆ شەڕی مان و نەمانە. ئەو بڕیارەی شام داویەتی ئەوەیە کە دەیانەوێ کورد قڕ بکەن. ئێمەش پارێزگاری لە خۆمان دەکەین.
 
رووداو: ئێوە دەتوانن ناوچەی کوردی بپارێزن، لەکاتێکدا لە دەسپێکی فورات کشاونەتەوە، لە دێرەزوور، رەققە، تەبقە و عەین عیساش کشاونەتەوە؟
 
فۆزا یوسف: بێگومان ئێستا شەڕی زۆر لەوێ هەیە، لەوێ هۆزی عەرەب هەن، عەرەبەکانی ئەوێ رۆڵی زۆر خراپیان گێڕا. ئەوەش کاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر شەڕ و سەنگەرەکان هەبوو. ئێستا ئێمە لەگەڵ گەلی خۆمانین. گەلی کورد رووبەڕووی دۆخێکە، یان دەبێ ئازاد بژی، یانیش هاوشێوەی سەت ساڵی رابردوو، وەکو کۆیلە بژی. ئێمە ئێستا لە دووڕیانێکی وەهاداین. هەر بۆیە ناچارین سەفەربەر بین و شەرەفی خۆمان بپارێزین.
 
رووداو: منیش خەڵکی حەسەکەم، ماڵباتی منیش لەوێیە، تەلەفۆنمان بۆ دەکەن و دەپرسن کە چی بکەن؟ ئایا ئێوە پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە کە خەڵکی خۆتان بپارێزن؟
 
فۆزا یوسف: ئێمە دەڵێین پێویستە هەمووان خۆیان بپارێزن. ئێستا هۆزە عەرەبەکان هەموویان هەستاون. هەروەک چۆن بەشێک لە عەرەبەکان کە لە سوپاشدا نین و هاتوون بۆ ئەوەی کورد بکوژن، گەلی ئێمەش با لە ماڵ، گەڕەک و شارەکانی خۆیاندا ئێشکگر بن.
 
رووداو: بۆ کشانەوەی هێز، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەدا ناکۆکی لەسەر کام شوێن هەبووە؟
 
فۆزا یوسف: حکومەت دەڵێ پێویستە بەبێ مەرج حەسەکە و کۆبانێ رادەست بکەن و چەک دابنێن.
 
رووداو: باشە ئەمە لە رێککەوتنەکەی دوێنێدا نەبوو.
 
فۆزا یوسف: بەڵێ نەبوو، ئێمەش ئەمە دەڵێین. ئەوان دەیانەوێ لەسەرمان بکەن هەتا ئێمە خۆمان رادەست بکەین. خەڵکی ئێمە باوەڕ بە داعش و هەتەشە ناکات، باوەڕ ناکات کە ئەوان بیانپارێزن.
 
رووداو: ئێستا گرووپی سوپای عەرەبیی سووری چەند لە حەسەکە دوورن؟
 
فۆزا یوسف: لە شەدادین.
 
رووداو: کەواتە 60 کیلۆمەتر لە حەسەکە دوورن. ئایا لەوێدا هیچ هێزێکی هەسەدە ماون؟
 
فۆزا یوسف: لەو ناوچانەشدا پێکدادان بەردەوامە. دواجار داعشییەکان ناو گرتووخانەی شەدادی ئازاد بوون.
 
رووداو: بەر لەوەی ئەم رووماڵە دەستپێبکات، نامەیەکی شەڕڤانانم گوێ گرت کە دەڵێن هێزی هاوپەیمانان لە دەوروبەری زیندانی شەدادی چەند شوێنێکیان بۆردومان کردووە. ئایا ئەمە راستە؟ هێزی هاوپەیمانان هاتوونەتە سەر هێڵ؟
 
فۆزا یوسف: نا، هێزی هاوپەیمانانیش لەو پیلانەدا هاوبەشن. پێشتر پێیانگوترا کە هێزەکانمان لە رەققە لە مەترسیدان، بەڵام ئەوان هیچ هێزێکیان نەناردووەتە ئەوێ. لەوێش مەترسیی زۆر هەیە. هەر بۆیە ئەگەر بۆردومانیش بکات، هیچ کاریگەرییەکی نییە، چونکە ئەوەی روویدا، روویدا.