فەرماندەیەکی هەسەدە: گرتووخانەی ئەقتان لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەیە، بەڵام لەلایەن چەتە پەڕگیرەکانەوە گەمارۆ دراوین
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە ئەرکیان پاراستنی گرتووخانەی ئەقتانە لە رەققە دەڵێن، هێشتا گرتووخانەکە لە ژێر کۆنترۆڵیاندایە و داوایان لە هێزەکانی هاوپەیمانان کردووە، هاوکارییان بکەن.
هەڤاڵ چیا، کە یەکێک لە فەرماندەکانی هەسەدەیە و لە گرتووخانەی ئەقتانەوە شەوی دووشەممە 19-1-2026 قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی: "ماوەی دوو رۆژە هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر دەروازەکان دەستیپێکراوە. لەلایەک چەتەکانی سەر بە تورکیا و لەلایەکی دیکەش حکومەتی سووریا هێرش دەکەنە سەر گەلی کورد".
هەڤاڵ چیا رایگەیاند، نزیکەی دوو رۆژە چەند جار هێرشیان کردووەتە سەر گرتووخانەی ئەقتان، کە ئەندامانی پەڕگیری داعشی لێیە.
هەروەها داوای لە هێزەکانی هاوپەیمانان کرد کە گرتووخانەکە بپارێزن، چونکە ئەگەر ئەندامانی داعش لە زیندانەکە دەربچن، کارەسات روودەدات.
ئەو فەرماندەیەی هەسەدە ئەوەی ئاشکراکرد:"لە گرتووخانەکەدا نزیکەی 2000 زیندانیی داعش هەن، کە بەشێکی زۆریان سوورین و بەشێکیشیان بیانین. بۆ نموونە خەڵکی چین، ئۆزبەکستان، چیچان و وڵاتی دیکەشی لێن".
جەختیشی کردەوە کە زیندانەکان هێشتا لە ژوورەوەن و گرتووخانەکە لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەیە، بەڵام ئەوان لە ژێر گەمارۆدان.
هەڤاڵ چیا ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی دوو رۆژە داوایان لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کردووە کە پارێزگاری لە گرتووخانەکە بکات، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەدراوەتەوە.