سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و سەرۆککۆماری سووریا باسی ئاییندەی هەسەدە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MIT) لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر کۆبووەوە و باسی ئاییندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یان لەنێو سووریادا کرد.
 
بەگوێرەی ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (MIT) لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاربەڕێکەری سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و حوسەین سەلامە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.
 
وەکو ئاژانسی دەوڵەتی تورکیا دەڵێت، لە دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و سووریا تاوتوێ کران و یەکپارچەیی، سەروەری و سەقامگیریی سیاسیی سووریا جەختیان لەسەر کرایەوە. کاڵن پشتگیریی تورکیای بۆ سووریا دووپات کردووەتەوە.
 
یەکێک لەو تەوەرانەری لە کۆبوونەوەکەدا باسکراوە، وەکو میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، ئاییندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووە. ئیبراهیم کاڵن باسی لە چەکدانانی هەسەدە و تێکەڵبوونەوەی بە هێزەکانی سووریا کردووە.
 
هەروەها رادەستکردنی ئەو زیندان و کەمپانەی ئەندامانی داعشیان تێدایە، تاوتوێ کراوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی سووریا لەو بوارەدا نیشانداوە.
 
پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل لە خاکی سووریا و گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا لە تورکیاوە بۆ زێدی خۆیان دوو لەو تەوەرانەی دیکە بوون کە لە کۆبوونەوەکەدا باسکراون.