"کوردستان" لە دیمەشق بێسەروشوێنکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

خاتوونێکی کورد کە خەڵکی عەفرینە و دانیشتووی دیمەشقە، چیرۆکی بێسەروشوێنبوونی کچەکەی دەگێڕێتەوە کە تەنیا بەهۆی ئەوەی ناوی "کوردستان" بووە، لە بازگەیەکی حکومەتی سووریا دەستگیر کراوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسی دیار نییە.
 
حەنیفە خەلیل، ژنێکی تەمەن 60 ساڵی خەڵکی شارۆچکەی بلبلی سەر بە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و ساڵانێکی زۆرە لە دیمەشق نیشتەجێیە.
 
ئەو خانمە کوردە دەڵێت، بەهۆی باوەڕبوونی بە دۆزی کورد، بڕیاری دابوو یەکێک لە منداڵەکانی ناو بنێت کوردستان.
 
دایکی کوردستان دەڵێت، "تەمەنم 14 ساڵ بوو کاتێک لە باشووری کوردستان شەڕ بوو، گوێم لە ناوی مەسعود بارزانی و مستەفا بارزانی، باوکی رووحیی نەتەوەیی کورد دەبوو، بڕیارم دا ناوی کچەکەم بنێم کوردستان."
 
ئەو هاونیشتمانییە باس لەوە دەکات کاتێک کچەکەی گەورە بووە، خۆشەویستییەکی زۆری بۆ پێشمەرگە هەبووە و گوتوویەتی، "دایکە، لەبەر ئەوەی ناوی منت ناوە کوردستان، منیش دەمەوێت جلوبەرگی پێشمەرگە لەبەربکەم."
 
کوردستان لە ساڵی 1988 لە دیمەشق لەدایکبووە و لە فەرمانگەی ناسنامەی 'بلبل'ی عەفرین تۆمار کراوە.
 
بە گوتەی دایکی، هەرچەندە کچەکەی لە خوێندندا "زۆر زیرەک بوو،" بەڵام لە قوتابخانە بەهۆی ناوەکەیەوە "رێگری لە پێشکەوتنی دەکرا." دواجار کوردستان لە ساڵی 2012 و لە تەمەنی 24 ساڵیدا، لە بازگەیەکی حکومەتی بەشار ئەسەد لە دیمەشق، بەهۆی ناوەکەیەوە دەستگیر کرا.
 
بنەماڵەی کوردستان سەرەتا زانیارییان پێگەیشتبوو کە کچەکەیان لە زیندانی بەدناوی سیدنایایە لە دیمەشق.
 
دیاب سرییە، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی زیندانیان و بێسەروشوێنبووانی زیندانەکە دەڵێ، لە کۆی نزیکەی 30 هەزار کەس کە لە ساڵی 2011 بۆ 2021 براونەتە ئەو زیندانە، نزیکەی 800 بۆ 1000 کەسیان کورد بوون، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی ژنە دەستبەسەرکراوەکان لە لقە ئەمنییەکان و زیندانی عەدرا بوون لە هەمان شار.
 
دیاب سرییە گوتی، "پێشبینی دەکەین لەو 30 هەزار کەسەی براونەتە سەیدنایا، تەنیا 5 هەزاریان رزگاریان بووبێ. سەیدنایا زیاتر تایبەت بووە بە پیاوان، بۆیە ژنەکان زیاتر لە ناوەندە ئەمنییەکان یان زیندانی عەدرا بوون."
 
بەپێی ئامارەکانی لیژنەی نێودەوڵەتیی کاروباری بێسەروشوێنان (ICMP)، کەمترین خەمڵاندن بۆ ژمارەی بێسەروشوێنان لە سووریا 150 هەزار کەسە.
 
دوای 12 ساڵ لە بێسەروشوێنبوونی کچەکەی، حەنیفە خەلیل دەڵێت، لە ناونانی کچەکەی پەشیمان نییە، بەڵام ئاواتەخوازە لانیکەم چارەنووسی دیاربووایە. ئەو هاونیشتمانییە بە حەسرەتەوە دەڵێت: "خۆزگە هەر گۆڕەکەی هەبووایە، دەچوومە سەری و تێر دەگریام."