هەسەدە: هێزەکانی سەر بە دیمەشق بە چەکی قورس تۆپبارانی زیندانی ئەقتان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە دەڵێت، لایەنەکانی سەر بە دیمەشق بە چەکی قورس تۆپبارانی زیندانی ئەقتان لە باکووری رەققە دەکەن.
هەسەدە دەڵێت، "لە هەمان کاتدا لە رێگەی تانک و بڵاوکردنەوەی چەکدارەکانیانەوە گەمارۆی زیندانەکەیان داوە."
زیندانی ئەقتان لە پارێزگای رەققەیە و چەند رۆژێکە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە گەمارۆدراوە.
سەرچاوەیەک لە پارێزگاکە بە رووداوی راگەیاند، "زیندانەکە 2000 زیندانیکراوی داعشی تێدایە، ئێستا رێگە لە ناردنی خواردن و خواردنەوە بۆ زیندانەکە گیراوە."
چەند رۆژێک لەمەوبەر هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشێکی چڕیان کردە سەر زیندانەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات وەڵامیان دانەوە و نەیانهێشت بگیرێت.
هەسەدە رایگەیاند، لە هێرشەکەدا سێ شەڕڤانیان شەهید بوون.