ئەو کەسە کێیە کە کەزی کچە شەرڤانێکی کوردی بڕی؟
رووداو دیجیتاڵ
چەکدارێک: ئەبوو ئەحمەد
ئەبوو ئەحمەد: بەیانیت باش
چەکدارەکە: بەیانیت باش. ئەمە قژی هەڤاڵە.
ئەبوو ئەحمەد: لە کوێ هێناوتە؟
چەکدارەکە: لە رەققە؟
ئەبوو ئەحمەد: نا براکەم بۆچی وا؟ بۆچی قژەکەیتان بڕی؟
چەکدارەکە: هەر مردووە، مردووە.
ئەبوو ئەحمەد: بەس قژەکەی سەلامەتە.
رامی دەهش، کە چەکدارێکی سوپای عەرەبیی سووریایە قژی کچە شەڕڤانێکی کوردی بە دەستەوە گرتەوە و لەگەڵ کەسێک بەناوی ئەبوو ئەحمەد باسی ئەو بابەتە دەکات. ئەو رەفتار و سوکایەتییەی چەکدارەکە لە دوێنێوە سۆشیال میدیای تەنیوە.
ئەو چەکدارە کێیە؟
ئەو چەکدارە ناوی تەواوی (رامی یوسف دەهش)ـە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆی بە (رامی هاشمی) دەناسێنێت؛ لەدایکبووی ساڵی 1987ـە و خەڵکی شارۆچکەی گرێ سپیی رۆژئاوای کوردستانە. رامی ئێستا یەکێکە لە چەکدارەکانی دەستەی تەحریری شام.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، رامی دەهش پێش ئەوەی بچێتە نێو ریزەکانی تەحریری شام، چەکداری رێکخراوی داعش بووە، هەروەها لە ریزەکانی بەرەی نوسرە و دەستەی ئەحراری شام شەڕی کردووە.
رامی دەهش، کە ئێستا بە ئەنجامدانی ئەو پێشێلکارییە بەرامبەر ژنە شەڕڤانان تۆمەتبار دەکرێت، پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەی "دادپەروەری و ئازادی" کردووە.
ئەو کە خۆی باوکی پێنج کچە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "سەرکەوتنەکانی شۆڕش بەردەوامن. ئەمە تەنیا سەرکەوتن نییە بەسەر ئەسەددا، بەڵکو سەرکەوتنە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش."
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکانیدا کە دژ بە کردارەکانی ئێستایەتی، ئاماژەی بەوە کردبوو: "ئامانجی شۆڕش ئەوەیە کەسی شیاو لە شوێنی شیاو بێت و دەنگی خەڵکی ئازاد ببیسرێت؛ ئەوانەی ماوەیەکی زۆرە ئازاریان چێشتووە و بەرگەی سەختترین ستەمیان گرتووە."
"کەزی شەڕەفی ئێمەیە"
شێخ مورشید خەزنەوی، کە کەسایەتییەکی دیاریی ئاینی رۆژئاوای کوردستانە، لەسەر ئەو رەفتارەی چەکدارەکە بە رووداوی گوت: "من بەم دیمەنە نیگەران نەبووم، چونکەکەزی سیمبوولی شەڕەفی ئێمەیە، ئەوانەی دەیانەوێت بەو کارە شەڕەفی کورد بشكێنن، خەون دەبینن.