نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی دیمەشق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی کوژراو و بریندارانی تەقینەوەکەی دیمەشق بەرزبووەوە و وەزارەتی ناوخۆی سووریاش، داعش بە ئەنجامدەری تۆمەتبار دەکات.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند: "خۆکوژێکی سەر بە گرووپی تیرۆریستیی داعش چووە نێو کەنیسەی سانت ئیلیاس لە ناوچەی دوێلعەی دیمەشقی پایتەخت، لەوێ تەقەی کرد و دواتر خۆی بە پشتێنێکی بۆمبڕێژکراو تەقاندەوە."
وەزارەتی تەندروستیی سووریاش بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی تەقەکردن و تەقینەوەکە 20 کەس کوژران و 52 کەسی دیکەش برینداربوون.
گەیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا تەقینەوەکەی بە "تاوانێکی قێزەون" ناوبرد و داوای "لێکۆڵینەوەی تەواو و گرتنەبەری رێکاری لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە" کرد.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی ئەمریکاش بۆ کاروباری سووریا هێرشەکەی بە ترسنۆکانە ناوبرد.
باراک لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس سەبارەت بە هێرشەکە نووسی: "ئەم کردەوە قێزەون و ترسنۆکانە، جێگەیان لەو نەخشە نوێیەی لێبووردەیی و پێکەوەژیاندا نییە کە سووریاییەکان دەینەخشێنن."
تۆم باراک هەروەها دەڵێت: "بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی حکومەتی سووریا، لەکاتێکدا رووبەڕووی ئەوانە دەبێتەوە کە هەوڵ دەدەن ناسەقامگیری و ترس لە وڵاتەکەیان و ناوچەکە بەگشتی دروستبکەن."
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش سەرکۆنەی تەقینەوەکەی کرد و بە "تیرۆیستی"ی ناوی برد، رایگەیاند، پابەندە بە هاوکاریکردنی "قۆناخێکی گواستنەوە لە سووریا کە رێگە بە سووریاییەکان بدات هەر ئایینێکیان هەبێت، بە ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتێکی ئازاد، یەکگرتوو، فرەیی، گەشەسەندوو، سەقامگیر و خاوەن سەروەریدا" بژین.
ئەوەی کە پەیوەندی بە رێکارەکانی حکومەتی نوێی سووریاوە هەیە، ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە گوتی: "تیمە پسپۆڕەکانی وەزارەت دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم تاوانە شەرمەزارکەرە کردووە".
ئەنەس خەتاب گوتی: "ئەم کردەوە تیرۆریستییانە هەوڵەکانی دەوڵەتی سووریا بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی راناگرن."
وەزیری ناوخۆی سووریا باسی لەوەش کرد، چەندین جار داعش هەوڵی داوە "هێرش بکاتە سەر پێکهاتەی کریستیان و شیعە،" بەڵام دەسەڵاتداران شکستیان بە هەوڵەکانی هێناوە.
مانگی رابردوو، داعش بەرپرسیارێتیی یەکەم هێرشی بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی نوێی سووریا راگەیاند.
هەروەها هەر مانگی رابردوو، دەسەڵاتدارانی سووریا رایانگەیاند، ئەندامانی شانەیەکی داعشیان لە نزیک دیمەشق دەستگیرکردووە و تۆمەتباریان کردن بە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرش؛ لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی دژە داعشدا لە شاری حەلەبیش ئەفسەرێکی ئەمنی و سێ ئەندامی داعش کوژران.
داعش لە ساڵانی سەرەتای شەڕی نێوخۆدا دەستی بەسەر بەشێکی بەرفراوانی خاکی سووریا و عێراقدا گرت و لە ساڵی 2014دا "خەلافەت"ێکی راگەیاند.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پشتیوانیی ئەمریکا لە ساڵی 2019دا کۆتاییان بە دەسەڵاتی داعش لە بەری رۆژهەڵاتی فورات هێنا، بەڵام رێکخراوە پەڕگیرەکە شانەی نووستووی لە بەشێکی سووریادا ماوە.