سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا لە سووریان
رووداو دیجیتاڵ
کەناڵی تەلەڤزیۆنیی دەوڵەتی تورکیا بڵاویکردەوە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یاشار گولەر، وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (MIT) لە سووریان.
لە کۆبوونەوەکاندا، کە لە چوارچێوەی سەردانێک بۆ یادی تێپەڕینی ساڵێک بەسەر رووخانی رژێمی ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمدا سازدەکرێن، بڕیارە هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو لە رووی سیاسی، ئابووری و ئەمنییەوە بکرێت. هەروەها باس لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی جێبەجێکردنی "رێککەوتنامەی 10ی ئادار" دەکرێت کە تورکیا بە ئاسایشی نیشتمانیی خۆیەوە پەیوەندیداری دەکات.
چاوەڕێ دەکرێت لە سەردانەکەدا جەخت لەسەر ئەو مەترسییە ئەمنییانە بکرێتەوە کە ئەوان پێیان وایە بەهۆی جموجۆڵی ئیسرائیل لە باشووری سووریا سەرهەڵدەدەن.
لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هاوبەشی تورکیا و سووریا و ئەندامبوونی نوێی سووریا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، پرسی هاوکاری بۆ رێگریکردن لە سهرههڵدانهوهی داعش تاوتوێ دەکرێت، کە هەوڵ دەدات سوود لە هەر لێکترازان و ناسەقامگیرییەک لە نێو خاکی سووریادا وەربگرێت.
جگە لە پرسە ئەمنییەکان کە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکان دەبن، بڕیارە باسی ئەو پڕۆژە دووقۆڵییانە بکرێت کە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا لە ئارادان، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی سووریا لە بونیاتنانەوە و ئاوەدانکردنەوە دەکرێت.
پێشبینی دەکرێت نوح یڵماز، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی تورکیا کە وەک باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق دەستنیشان کراوە، لە کۆبوونەوەکاندا ئامادە بێت.
دوای ئەو کۆبوونەوەیە، فیدان لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆکی میت، لە 13ی ئازاری 2025دا بۆ ئەنجامدانی سەردانێکی کار چوونە سووریا.
کۆبوونەوەیەکی دیکەی نێوان هەردوو وڵات کە تێیدا هاوکارییە ئەمنییەکان و گۆڕانکارییەکان تاوتوێ کران، بە بەشداری فیدان، گولەر، کاڵن و هاوتا سوورییەکانیان لە 12ی تشرینی یەکەمی 2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو.