دیمەشق: هەسەدە وەڵامی پێشنیازە نوێیەکەمانی دایەوە و تاوتوێی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا رایدەگەیێنێت، پێشنیازێکی نوێیان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان داوەتە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دوێنێ وەڵامەکەیان بەدەستگەیشتووەتەوە.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند: "ئەو رێککەوتنەی رۆژی 10ـی ئاداری ئەم ساڵ واژۆکرا، دەربڕی ویست و خواستی سووریایە بۆ یەکخستنەوەی خاک و دامەزراوەکان بە شێوازێکی شارستانی و کاری هاوبەش، بەڵام تاوەکو ئێستا ئیرادەیەکی جددی و بەرجەستەکراومان لە لایەنی هەسەدە نەبینیوە بۆ جێبەجێکردنی."
سەبارەت بە هەنگاوە نوێیەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە، ئەسعەد شەیبانی ئاشکرای کرد، وەزارەتی بەرگریی سووریا پێشنیازێکی نوێی بۆ جووڵاندنی رێککەوتنەکە داوەتە هەسەدە، کە تایبەتە بە لایەنی سەربازی.
وەزیری دەرەوەی سووریا گوتی: "دوێنێ یەکشەممە وەڵامیان داوینەتەوە و ئێستا خەریکی تاوتوێکردنی وەڵامەکەین، بەشێوەیەک کە دژ بە بەرژەوەندیی باڵای سووریا و یەکپارچەیی خاک و سەروەرییەکەی نەبێت."
شەیبانی جەختی لەوە کردەوە، کە رۆژهەڵاتی سووریا (ناوچەی جەزیرە) بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی سووریا و هەر دواکەوتنێک لە تێکەڵبوونی هێزەکان، کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژێرخان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە دەبێت.
ناوچەی جەزیرەی سووریا کە وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی پێدا، رۆژهەڵاتی وڵات دەگرێتەوە و لەنێوان هەردوو رووباری فورات و دیجلە هەڵکەوتووە، کە پارێزگاکانی حەسەکە، رەقە و دێرەزوور لەخۆدەگرێت و ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و بە بەشداریی وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (میت) گەیشتنە دیمەشق.
وەزیری دەرەوەی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە دیمقەشق لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان رایگەیاند: "ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی سووریا لەگەڵ شاندە باڵاکەی تورکیا تاوتوێی چەند پرسێکیان کردووە، لەسەروویانەوە هاوئاهەنگیی ئابووری دوای هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا و ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی پەنابەران."
لای خۆیەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، "هاوئاهەنگییەکانی هەسەدە لەگەڵ ئیسرائیل، گەورەترین کۆسپ و رێگرە لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق."
فیدان داوای کرد هەسەدە لەنێو سوپای سووریا و پێکهاتەی کارگێڕیی وڵاتدا تێکەڵ ببێتەوە و گوتی، ئەمە لە رێگەی دیالۆگەوە دەکرێت و "بۆ سەقامگیریی ناوچەکە گرنگە."
لە دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق بە خێرایی بەرەو پێش دەچن؛ پێشتر لە 15ی کانوونی دووەمی 2024 شەیبانی سەردانی تورکیای کرد، دواتریش لە 13ی ئازار و 12ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ، چەندین کۆبوونەوەی باڵا لە ئەنقەرە و دیمەشق بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی و ئابووری کراون.