وەزارەتی ناوخۆی سووریا: کۆنترۆڵی زیندانی ئەقتانمان وەرگرت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا کۆنتڕۆڵکردنی زیندانی ئەقتانی راگەیاند و دەڵێ: "پشکنینی ورد بۆ دۆخی زیندانییان دەکرێت."
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ: "بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی و زیندانییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بەمدواییە زیندانی ئەقتانی وەرگرت کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بوو."
"راستەوخۆ دوای وەرگرتنی کۆنتڕۆڵی زیندانییەکە دەستکراوە بە پشکنینی ورد و فراوانی دۆخی زیندانیان و فایلەکانیان و تاوانیان، فایلی هەموو زیندانییەک بەدواداچوونی لەسەر دەکرێت و بەپێی رێکاری یاسایی مامەڵە لەگەڵ هەموو راگیراوان دەکرێ.'' وەزارەتەکە وا دەڵێت.
لەبارەی پاسەوانی زیندانییەکە وەزارەتەکە رایگەیاندووە: "تیمی تایبەت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و لایەنی پەیوەندیدار ئەرکی پاسەوانی زیندانییەکە و کۆنتڕۆڵی دۆخی ئاسایشی نێوخۆی زیندانییەکە وەردەگرن.''
وەزارەتی ناوخۆی سووریا باس لەوە دەکات: "پابەندین بە هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا، بەدواداچوون بۆ دۆخی هەموو گرتووخانەکان دەکرێت، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندیی گشتی و ئاسایش و سەقامگیری بێ."
زیندانی ئەقتان لە رەققە، لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە دا بوو، شەش رۆژ بوو لەژێر گەمارۆدابوو، نزیکەی 2 هەزار چەکداری دەستگیرکراوی داعشی تێدایە، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە زیندانی ئەقتاندان، "مەترسیدارترینی" نێو داعشن، لە باغۆز دەستگیرکراون کە دوایین ناوچەی ژێردەستی داعش بوو و هەسەدە ناوچەکەی لەژێردەستی رێکخراوەکە دەرهێنا.
شارۆچکەی باغۆز رۆژی 23ـی ئاداری 2019 لەلایەن هەسەدەوە لەدەستی داعش دەرهێنرا، زیاتر لە سێ هەزار چەکداری داعش لەگەڵ 300 چەکداری راهێنراو خۆیان رادەستی هەسەدە کرد، دیمەنەکانی ئەوکات و بەرزکردنەوەی ئاڵای هەسەدە لە باغۆز لەجیهان دەنگی دایەوە، چونکە دوایین پێگەی داعش بوو لە دێرەزوور، هەمان رۆژ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی سووریا کرد.
دەستگیرکراوانی ئەقتان، سعودی، ئۆزبەکستانی، میسرین، ژمارەیەکی زۆر چەکداری بیانی لەنێو زیندانییەکەدا هەن.
پاسەوان و ئەو هاونیشتمانییانەی شەوی رابردوو لە زیندانی ئەقتان گوازرانەوە، ئەمڕۆ هەینی 23-1-2026 گەیشتنە شاری کۆبانێ .