کوردانی ئێزدی داوای کورسیی کۆتای پەرلەمانی سووریا دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

سەرحان عیسا، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریا رایگەیاند، لە پەرلەمانی نوێی سووریادا هیچ نوێنەرێکی کوردانی ئێزدی نییە. رەخنەی لە حکومەتی سووریا و لایەنە کوردییەکان گرت کە لەم پرسەدا "گوناهبارن". داوای لە سەرۆک بارزانی کرد دەستوەردان بکات لەپێناو بەدەستهێنانی مافیان.
 
سەرحان عیسا، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریا لە کاتی بەشداریکردن لە نوورۆژی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان، کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی نوێی سووریادا بێ نوێنەر ماونەتەوە و پێویستە کۆتا بۆ کوردانی ئێزدی لە پەرلەماندا هەبێت.
 
سەرحان عیسا هەروەها رەخنەی لە لایەنە کوردییەکانیش گرت و گوتی، "لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان تا رادەیەک گوناهبارن." عیسا ئاماژەی بەوەشکرد، وەک ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە، بە فەرمی داوای کردووە کە بەربژێرێکی ئێزدی دیاری بکرێت، بەڵام داواکارییەکەی قبووڵ نەکراوە.
 
سەرحان عیسا، بانگەوازی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی، "ئێمە ئێستا لەم قۆناخە مێژووییەدا هاواری خۆمان دەگەیێنینە جەنابی سەرۆک بارزانی کە دەستوەردان بکات و یارمەتیی ئێزدییەکانی سووریا بدات تاوەکو مافەکانمان لەم وڵاتەدا پێشێل نەکرێن."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکە
 
 
رووداو: تاوەکو ئێستا هیچ نوێنەرێکتان لە پەرلەمانی سووریادا نییە؟
 
سەرحان عیسا: جێگەی داخە کە هیچ نوێنەرێکمان نییە.
 
رووداو: هۆکار چییە کە تاوەکو ئێستاش هیچ پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی هەڵنەبژێردراوە؟

 

سەرحان عیسا: لە راستیدا دوو هۆکاری سەرەکی هەن. هۆکاری یەکەم، ئەو دەسەڵاتە کاتییەی کە دەیەوێت حوکمڕانیی سووریا بکات، دەیەوێت دەسەڵات بە یەک رەنگ و یەک دەنگ بێت و ئامادە نییە پێکهاتەکانی دیکە لەخۆبگرێت و پێشوازییان لێ بکات. هۆکاری ووەم، پەیوەستە بەم حکومەتەوە، چونکە ئێمە لە پەیوەندیدا بووین هەر لە کاتی هەڵبژاردنەکانی عەفرین و حەلەب. هەروەها لە کاتی هەڵبژاردنی حەسەکەش پەیوەندیمان کرد. بە راستی ئەوان هەرگیز نایانەوێت دان بە ئێزدییەکاندا بنێن.
 
رووداو: واتە ئێوە لەگەڵ کۆمیتەی هەڵبژاردنەکان، چ لە رابردوودا و چ ئێستاش، لە پەیوەندیدا بوون؟
 
سەرحان عیسا: بەڵێ، ئێمە لەگەڵیاندا لە پەیوەندیدا بووین، هەروەها هەندێک دۆستمان لە لایەنە سوورییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا هەبوون کە یارمەتییان داین. ئێمە هەوڵێکی زۆرمان دا، بەڵام سەری نەگرت. ئێمە زۆر بە نەرمی لەگەڵیاندا کەوتینە پەیوەندییەوە. تەنانەت دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، ئێمە لە یەکەمین رێکخراوەکان بووین کە سەردانی سووریامان کرد و لەگەڵ دەسەڵاتی نوێدا کۆبووینەوە. هۆکاری دووەمیش لایەنە کوردییەکان بەرپرسیارن، هەم ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) کە خۆمان ئەندامین تێیدا، هەمیش ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
 
رووداو: کاتێک لەگەڵ کۆمیتەی هەڵبژاردنەکان قسەتان کرد، گوتتان کە نەرمیتان نواندووە. پێشنیازی ئێوە بۆ کۆمیتەکە چی بوو و وەڵامی ئەوان چی بوو؟
 
سەرحان عیسا: پێم گوتن ئێمە هاووڵاتیی ئەم وڵاتەین و پێکهاتەیەکی سەرەکین. پێمان گوتن 2 کورسی بدەن بە ئێزدییەکان، یەکێک لە حەلەب و یەکێکیش لە جزیرە. هەندێک گفتوگۆ لەسەر ژمارەکە دروست بوو، ئێمەش گوتمان بە یەک کورسیش رازین. گوتمان ئەگەر بە هەڵبژاردن بێت ئێزدییەکان دەرناچن، پێویستە کورسییەکی کۆتا لەو پشکەی کە سەرۆککۆمار دیاری دەکات بۆ ئێمە تەرخان بکرێت، بەڵام ئەوان گوتیان ناتوانن ئەو دەرگایە بکەنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی سووریا دەڵێت هەموو پێکهاتەکان رازی دەکات. بەڵام بە راستی زۆر نەرم نین.
 
رووداو: ئێوە داوای 2 کورسی دەکەن، ئایا ژمارەی کوردانی ئێزدی لە سووریا بە گشتی چەندە؟

 

سەرحان عیسا: ژمارەی ئێزدییەکانی سووریا بە گشتی نزیکەی 150 تاوەکو 200 هەزار کەسە. ئێمە دەڵێین زیاتر لە 70%ی ئەم ژمارەیە بوونەتە پەنابەر.
 
رووداو: لە کام ناوچانە بوونتان زیاترە؟
 
سەرحان عیسا: لە عەفرین و حەسەکە.
 
رووداو: ئێوە داوا دەکەن لەم دوو بازنەیەدا کورسیتان هەبێت؟
 
سەرحان عیسا: بەڵێ، راستە.
 
رووداو: بۆ ئەو 70 ناوەی کە سەرۆکی سووریا خۆی دیارییان دەکات، هیچ بەڵێنێک بە ئێوە دراوە؟
 
سەرحان عیسا: بەداخەوە نەخێر. ئێمە لە ماوەی رابردوودا لە رێگەی نامەی فەرمی و بە یارمەتیی دۆستانی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردەوە هەوڵمان دا. هەروەها لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنەکەسە لەگەڵ کۆمیتەی سیاسی لە پارێزگای حەسەکە، ئەم بابەتە خرایە بەرباس، بەڵام بەداخەوە تێڕوانینیان نەرێنی بوو. لە هەمان کاتدا، ئەو کەسانەی کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن، هەمان داواکارییان هەبوو. ئێمەش بە نامەیەکی فەرمی کە ئاراستەی ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدیمان کرد، داوامان لێکرد کە ئەوانیش بێنە ناو پەیوەندییەکانەوە تاکو کوردانی ئێزدی لەم قۆناغەدا بێبەش نەبن.
 
بۆ مێژوو و بۆ شەقامی کوردی و سووری، من ئەمە دەڵێم کە ئێمە لە ئەنجوومەنی ئێزدییانی سووریا دژی ئەم جۆرە هەڵبژاردنە بووین کە تێیدا ستەم لە کورد کراوە و تەنیا بە 9 کورسی سنووردار کراون. بەڵام دیسان لەبەر ئەوەی هەڵوێستی ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی ئەوە بوو کە بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکەین، ئێمەش وەک پابەندبوونێک بە هەڵوێستی کوردییەوە بەشداریمان کرد.
 
رووداو: حکومەت تاوەکو ئێستا رازی نەبووە بە پێدانی کۆتا بە کوردانی ئێزدی، بەڵام لە لایەکی دیکەوە رێکخراوەکانی کوردانی ئێزدی هەم لەناو ئەنەکەسە و هەم لەناو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا جێیان گرتووە. ژمارەیەک لە بەربژێرانی ئەنەکەسە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن، بۆچی جێگە بە بەربژێرێکی کوردی ئێزدی نەدرا؟
 
سەرحان عیسا: ئێمە داوامان لێکردن. من ئەندامی سەرکردایەتیی ئەنەکەسەم و بە رێگەی فەرمی ئەو داواکارییەمان پێشکەش کرد. گوتمان دوو رێگەمان لەپێشە: یان هەموو لەسەر کۆتای کوردی رێک بکەون و ئەندامێکی ئێزدی لە پەرلەماندا هەبێت، یان فشارێکی گەورە لەسەر شام دروست بکەن تاکو سەرۆکی سووریا کورسییەک بدات بە ئێزدییەکان. بەداخەوە هیچ کامیان جێبەجێ نەکرا. من بە ناوی هەموو ئێزدییەکانی سووریا و ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریاوە، ئێستا لەم قۆناغە مێژووییەدا هاواری خۆمان دەگەیەنینە جەنابی سەرۆک بارزانی. سەرۆک بارزانی زۆر کێشە و دەردی میللەتی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان چارەسەر کردووە و خاوەندارێتیی لێکردوون. هێشتا قۆناغەکە تێنەپەڕیوە و دەرفەت لەدەست نەچووە، بۆیە هاوارم بۆ سەرۆک بارزانییە کە دەستوەردان بکات و یارمەتیی ئێزدییانی سووریا بدات و مافمان لەم وڵاتەدا پێشێل نەکرێت. ئێمە بێهیوا بووین. لایەنە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان تا رادەیەک بەرپرسیارن، لە هەمان کاتدا هەڵوێستی حکومەتی سووریاش بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی هەڵوێستێکی نەرێنییە.
 
رووداو: ئەگەر رەوشەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و هیچ کورسییەکتان لە پەرلەماندا نەبێت، هەڵوێستتان چی دەبێت؟
 
سەرحان عیسا: ئێمە راستەوخۆ دەبینە ئۆپۆزسیۆن. سەرەڕای ئەوەی کە زۆر تێبینیمان لەسەر ئەم حکومەتە هەبوو و زۆر شتی خراپیش روویاندا، بەڵام ئێمە وەک کورد و ئێزدی گوتمان دەرفەتێک بەم حکومەتە دەدەین. ئێمە 15 ساڵە ئۆپۆزسیۆنو ئەگەر پێویست بکات 15 ساڵی دیکەش ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە. هێزی چەکداریمان نییە، خاوەنیشمان نییە. تەنیا کاری راگەیاندن و ئاشتیانەمان هەیە.
 
رووداو: ئێوە لە ئەورووپا نیشتەجێن و لە ناوەندەکانی بڕیاردانی جیهاندا بوونتان هەیە. ئایا پلانتان هەیە چالاکی یان خۆپیشاندان بکەن؟
 
سەرحان عیسا: بۆ بابەتی هەڵبژاردنەکان، ئێمە تا ئێستا جووڵەی گەورەمان نەکردووە، چونکە لەناو جووڵەیەکی دیپلۆماسیدا بووین. ئێمە لەگەڵ لایەنە فەرەنسی، بریتانی، ئەڵمانی و هەروەها هەردوو لایەنی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان و لەگەڵ حکومەتی سووریاش لە ئاستێکی باڵادا دانوستانمان کردووە.
 
رووداو: پرسیاری کۆتاییم، سەبارەت بە رەوشی کوردانی ئێزدی لە عەفرین. هیچ ئامارێک هەیە کە چەند کوردی ئێزدی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟
 
سەرحان عیسا: بە راستی ئامارێکی دیاریکراو نییە، بەڵام ژمارەیەکی باش گەڕاونەتەوە و ئێمە بەمە دڵخۆشین. ئێمە وەک ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریا، پشتیوانیی گەڕانەوەین. ژمارەیەکی باش گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدی لە لوبنان، هەرێمی کوردستان و ناوخۆی سووریا لە شارە جیاوازەکاندا ماون و هیوادارین ئەوانیش زوو بگەڕێنەوە.
 
رووداو: کاتێک دەگەڕێنەوە، ماڵەکانیان رادەست دەکرێتەوە؟
 
سەرحان عیسا: رەنگە ئەم پرۆسەیە ئاسان نەبێت و 100%یش نەبێت. هەندێک حاڵەتی لەم شێوەیە روودەدەن، بەڵام بە گشتی باشە. رەوشی عەفرین خەریکە وردە وردە بەرەو باشی دەچێت.