لە دیمەشق رۆژانە شەش کاژێر کارەبا هەیە لە کاتی جیاوازدا و کاسبکاران نیگەرانن
رووداو دیجیتاڵ
کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی لە دیمەشق دۆخی کاسبکارانی "خراپ" کردووە و نیگەرانن. رۆژانە نزیکەی شەش کاژێر لە کاتی جیاوازدا کارەبا دەدرێتە هاووڵاتییان
ئەنیس، دارتاشێکە بۆ کاری رۆژانەی پشتی بە کارەبا بەستووە، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی کارەباوە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کار و داهاتەکەی هەبووە. بە رووداوی گوت: "کەمبوونەوەی پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئێمە داناوە. هەرچی بەکاربهێنین وەک کارەبای نیشتمانی نییە. بوونی کارەبا داهاتی ئێمە زیاد دەکات. بە گشتی ئێستا کاتژمێرەکانی کارەبا کە پێمان دەدرێت کەمە، واتە کارەکانمانی پێ رایی نابێت. ئێمە بەهیوای ئەوەین کاژێرەکانی کارەبا زیاتر بکرێت."
حکومەتی سووریا ئێستا لە هەوڵدایە کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ 12 کاتژمێر لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە وڵاتی قەتەر دوو ملیۆن، تورکیا شەش ملیۆن و، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یەک ملیۆن یەکەی گازی سروشتییان داوەتە حکومەتی سووریا و، لەگەڵ بەرهەمی نێوخۆیی گاز، ئەگەری هەیە پێش کۆتایی ئەم ساڵ کاژێرەکانی کارەبا بگاتە 12 کاتژمێر.
ئەحمەد سلێمان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکان لە وەزارەتی وزەی سووریا لەوبارەیەوە قسەی بۆ رووداو کرد: "جێبەجێکردنی پێدانی 24 کاژێر کارەبا پشت بە چەند شتێک دەبەستێت، وەک چاککردنەوەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە لە سووریا هەن، دروستکردن و نوێکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا، چونکە زۆربەیان تێکچوون، لەگەڵ دانانی ئامێری نوێی ژماردنی کاتژمێرەکانی کارەبا (پێوەری زیرەک) بۆ هاووڵاتییان. ئەم هەموو هەنگاوانە دەبنە دەستپێکێک بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا باشتر ببێت."
لە سووریا بە دەیان وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەن کە لەکارکەوتوون و پێویستیان بە کەرەستەی نوێ و نوێکردنەوە هەیە.
حکومەتی سووریا کار لەسەر ئەوە دەکات کە بتوانێت هەموو ئەو وێستگانە بخاتەوە کار و هەوڵدەدات لە داهاتوویەکی نزیکدا بتوانێت 24 کاژێر کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییانی دابین بکات.