لە مزگەوتێکی حمس تەقینەوە روویدا و 8 کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەک لە نێو مزگەوتێکی شاری حمسی سووریا، هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش بریندار بوون. سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن، تەقینەوەکە بەهۆی بۆمبی چێنراوەوە بووە.
ئاژانسی فەرمیی حکومەتی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، تەقینەوەکە ئەمڕۆ 26-12-2025 لە کاتی نوێژی هەینی لە نێو مزگەوتی (ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تاڵیب) لە گەڕەکی وادی زەهەب لە شاری حمس روویداوە.
هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی سووریا کوژرانی هەشت کەسی راگەیاندووە، بەڵام د. نەجیب نیعسان، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن و کارەساتەکان لە وەزارەتی تەندروستیی سووریا رایگەیاند، پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیای فەرمیی سووریای راگەیاندووە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن تەقینەوەکە بەهۆی "بۆمبی چێنراو" بووە کە لەنێو مزگەوتەکەدا دانراونەتەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هێشتا روون نییە تەقینەوەکە خۆکوژی بووە یان بۆمبی چێنراو، بەڵام سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، گومان دەکرێت "بۆمبێک لەنێو مزگەوتەکەدا دانرابێتەوە".
دانیشتوویەکی گەڕەکەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە فرانس پرێسی گوتووە: "گوێمان لە دەنگێکی بەهێز بوو، دواتر پشێوی و ترس گەڕەکەکەی گرتەوە. کەس ناوێرێت لە ماڵ بچێتە دەرەوە و تەنیا دەنگی ئەمبوڵانس دەبیسترێت".
حمس شارێکی زۆرینە سوننە مەزهەبە، بەڵام چەندین گەڕەکی عەلەویشی تێدایە. لە دوای لادانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لە ساڵی 2024، روانگەی سووری و دانیشتووانی حمس باس لە رفاندن و کوشتنی ئەندامانی ئەو کەمینەیە دەکەن.