نۆرەی بۆ گیراوە.. نرخی ئایفۆن 12 یەکسانە بە مووچەی 96 مانگی فەرمانبەرێکی سووری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
گەیشتنی دوایین ڤێرژنی مۆبایلی ئایفۆن بۆ بازاڕەکانی ناوخۆی سووریا، هەرا و کاردانەوەی گەورەی بەدواداهات، کاتێک وێنەی ریزبەستنی زۆری خەڵک لە بەردەم فرۆشیارییەکی ئەو مۆبایلەدا لە دیمەشقی پایتەخت بڵاوکرایەوە، لە کاتێکدا نرخەکەی لای زۆر کەس بە 'خەیاڵی' ناوبراوە.
 
رۆژانی رابردوو، نۆرەگرتنی بەرچاوی دانیشتووانی دیمەشق لەبەردەم کۆمپانیای 'ئیماتێل بۆ پەیوەندییەکان' کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. دواتر ئاشکرابوو ئەو کۆمپانیایە ڤێرژنی نوێترین مۆبایلەکانی جۆری ئایفۆنی بەناوی ئایفۆن 12 و 12 پرۆ و 12 مینی دەخاتە بازاڕەوە.
 
سۆشیالمیدیای سووری پڕبوون لە نرخەکانی ئەو ئایفۆنە نوێیانە. نرخەکانیان لە نێوان 4 تاوەکو 5،5 ملیۆن لیرەی سوورییە. 
 
نۆرەگرتنی خەڵک لە دیمەشق بۆ ئایفۆنە نوێیەکان، دوای ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی دیاردەی 'نۆرەگرتن' بۆ هەموو شتێک هات، بەشێوەیەک لای هەندێک سووریا بەوڵاتی 'نۆرە درێژەکان' ناونرا، بەتایبەت پاش ناچاربوونی خەڵک بۆ نۆرەگرتن لەپێناو بەدەستهێنانی بەنزین و نان، بەڕیزی درێژ و بۆ ماوەی زۆر.
 
سەرچاوەکانی ناو سووریا بڵاویانکردەوە، هەندێکجار ریزی نۆرە گرتن بۆ بەدەستهێنانی نان لە دیمەشق، پێنج کاژێر دەخایەنێت، تاوەکو کەسەکە نانی بەردەکەوێت.
 
کۆمپانیای 'ئیماتێل' لە راگەیاندنی بڵاوکردنەوەی ئایفۆنە نوێیەکاندا گوتی، سووریا یەکەم وڵاتی ناوچەکەیە مۆبایلە نوێیەکەی پێدەگات. ئەمە دوای تەنیا لە 10 رۆژ لە خستنە رووی مۆبایلە نوێیەکە لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵ، بەرهەمهێنەری مۆبایلەکەوە.
 
چالاکڤانانی سۆشیالمیدیای سووریا گوتیان، بۆ هەر فەرمانبەرێک کە بیەوێت ئایفۆنە نوێیەکە بکڕێت، پێویستە مووچەی هەشت ساڵی پاشەکەوت بکات، بەبێ ئەوەی یەک لیرەشی لێ خەرج بکات،
 
بەپێی داتا راگەیەندراوەکان، مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێکی سووری نزیکەی 50 هەزار لیرەی سوورییە و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار وایکردووە، ئەو 50 هەزار لیرەیە بەرامبەر تەنیا 22 دۆلاری ئەمریکی بێت، بەوەش نرخی ئایفۆن 12، بەرامبەر مووچەی 8 ساڵی فەرمانبەرێکە.
 
کۆمپانیاکە نرخەکانی ئامێرە نوێیەکانی بەرامبەر بەدۆلار بە 1800 تا 2500 دۆلار خستووەتە روو. کۆمپانیای 'ئیماتێل' شوێنگرەوەی کۆمپانیای سیرتێلە، کە پێشتر کۆنترۆڵی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ناو سووریای کردبوو. بەڵام خاوەنی سیرتێل کە رامی مەخلووف، ئامۆزای بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریایە، لەماوەی رابردوودا کێشەی قووڵی لەگەڵ ئامۆزاکەیدا بۆ دروستبوو و مۆڵەتی کارکردن لە کۆمپانیاکەی سەنرایەوە و لەبری سیرتێل، کۆمپانیای ئیماتێل هاتە جێگەی، کە راستەوخۆ موڵکی دارودەستەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریایە.