پاسپۆرت دەدرێتە سووریاییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی نوێی سووریا رایگەیاند، دەست دەکات بە پێدانی پاسپۆرت بۆ سووریاییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات بۆ یەکەم جار دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد.
وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێت، ئەو کەسانەی لە ناوەوەی سووریا دەژین، ئێستا دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنیی هاووڵاتیان، خۆیان بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت تۆمار بکەن.
دڵخواز محەممەد، پەیامنێری رووداو لە شام ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت کە خێراترینیان لە ماوەی 48 کاژێردا دەردەچێت. بەڕێوەبەری بەشی پاسپۆرت لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەڵێت، هەموو کەسێک لە دەرەوە و ناوەوەی سووریا دەتوانن پاسپۆرتی خۆیان نوێ بکەنەوە و ماوەی نوێکردنەوە تاوەکو شەش ساڵە.
سەبارەت بە نرخی نوێکردنەوە یان دەرکردنی پاسپۆرت، دڵخواز محەممەد دەڵێت، تێچووەکان جێگیرن و ناگۆڕدرێن.
نرخی دەرکردنی پاسپۆرتی ئاسایی لە ناوەوەی سووریا، بەپێی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی، 312 هەزار و 700 لیرەیە (25 دۆلار) و زۆرترین ماوە لە 45 رۆژدا دەردەچێت.
نرخی پاسپۆرتی خێراش 35 دۆلارە و لە ماوەی 15 رۆژدا دەردەچێت.