تۆم باراک: رێککەوتنی لایەنەکانی سووریا جێبەجێ بکرێت و سەرنج بخرێتەوە سەر داعش
رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا دەڵێت، پشتیوانیی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشقن و کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 18-1-2026ی نێوان ئەو دوو لایەنە.
لە پۆستێکی تۆڕی X، تۆم باراک بەناوی ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیاوە دەڵێت، "پشتیوانییەکی یەکگرتوومان هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)؛ جێبەجێکردنی هەماهەنگانەی رێککەوتنی 18ی کانوونی دووەمی 2026 لە نێوانیاندا؛ و بەردەوامیی سەرنج و هاوبەشیی هەموو لایەنەکان بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش".
تۆم باراک راگەیێندراوێکی هاوبەشی ئەو چوار وڵاتەی هاوپێچ لەگەڵ پۆستەکەیدا بڵاوکردووەتەوە کە ئەمە نێوەڕۆکەکەیەتی:
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، چوار هێزی سەرەکیی جیهان (ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا) داوا لە هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن بگەنە رێککەوتنێکی هەمیشەیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. ئەم وڵاتانە جەخت دەکەنەوە کە تەنیا رێگە بۆ دابینکردنی سەقامگیری لە سووریا، پشتبەستنە بە رێککەوتنی 18ـی کانوونی دووەمی 2026.
لە راگەیێندراوەکەدا کە مێژووی 27ی کانوونی دووەمی 2026ی لەسەرە، ئەو چوار وڵاتە پێشوازی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی 15 رۆژەی نێوان هەردوو لا دەکەن کە لە 24ی ئەم مانگەدا راگەیێندرا. داواش لە هەموو لایەنەکان و هێزە دەرەکییەکان دەکەن کە بە جیدی پابەندی هێورکردنەوەی دۆخەکە بن و دانبەخۆداگرتنی تەواو بنوێنن بۆ رێگریکردن لە هەر تووندوتیژییەک.
ئەم راگەیێندراوە پاش کۆبوونەوەی ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئیڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، سێراپ گولەر، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڵاوکراوەتەوە.
بەشێکی گرنگی راگەیێندراوەکە تەرخانکراوە بۆ دۆخی مرۆیی؛ وڵاتە زلهێزەکان داوای پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی شارەکان دەکەن. هەروەها جەخت لە کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی دەکەنەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان و دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە شاری کۆبانی.
لە لایەکی دیکەوە، پاریس، لەندەن، بەرلین و واشنتن سوپاسی رۆڵی کاریگەری هاوبەشەکانیان دەکەن، بەتایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، کە هاوکار بوون لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش. هۆشداریش دەدەن کە نابێت هیچ بۆشاییەکی ئەمنی لە دەوروبەری زیندانەکانی داعش دروست ببێت و بۆ ئەم مەبەستە بڕیاریان داوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجام بدەن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، ئەم وڵاتانە دووپاتی دەکەنەوە کە "تێکەڵبوونی ئاشتیانەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەنێو دەوڵەتێکی یەکگرتوو و خاوەن سەروەریدا، کە رێز لە مافی هەموو پێکهاتەکان بگرێت، گەورەترین کاری لەپێشینەی ئەوانە بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە". ئەوان ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنانەی دەبنە مایەی ئاشتییەکی بەردەوام.