هاككەرانی بەشار ئەسەد هەڕەشە دەكەن
رووداو- هەولێر
ماڵپەری BBC بەریتانی رایدەگەیەنێت هاككەرانی سووری لە دوای ئەو هێرشانەن كە كرانە سەر ماڵپەڕی نیۆرك تایمز و تویتەر، دەشڵێت " سوپای ئەلیكترۆنی سووریا، كە پشتگیری لە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەكەن، هۆشداریان داوە بەوەی كۆمەڵێك سوپرایز بەڕێوەیە".
دوای ئەوەی پەرلەمانی بەریتانی دەنگی لەسەر نەناردنی هێزی سەربازیدا بۆ سووریا، گوتەبێژێكی سوپای ئەلیكترۆنی سووریا لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە بە BBC News ی راگەیاندووە " ئەمە بڕیارێكی زۆر راست و گونجاوە، دەستتێوەردانی سەربازی بۆ ناو كاروباری سووریا، دەرئەنجامی زۆر خراپی لێدەكەوێتەوە و كاریگەریشی لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان دەبێت، ئامانجی سەرەكی ئێمە بڵاوكردنەوەی راستییەكانە سەبارەت بە ڕووداوەكانی سووریا".
سوپای ئەلیكترۆنی سووریا چەندین كۆمپانیای میدیای وەكو BBC, CNN، Guardian ی كردوونەتە ئامانج. بڕاین كریبس، رۆژنامەنووسی پێشووی واشنتۆن پۆست، لە بابەتێكدا نووسیوتەتی " هەندێك لەو هاككەرانە لە توركیا نیشتەجێن ".
گوتەبێژی هاككەرانی سووری لە ئیمەیڵەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە ئەوان ئەو كۆمپانیا میدیاییانە دەكەنە ئامانج و هاكیان دەكەن كە هەواڵی ساختەو درۆ دەربارەی سووریا بڵاودەكەنەوە، دەشڵێت" كارەكەی ئێمە پێویستی بە پارەو سەرمایەی زۆرنییە، تەنها پێویستمان بە هێڵی ئینتەرنێت و كۆمپیوتەرێك هەیە بۆ راپەڕاندنی كارەكانمان".
هێرشەكانی ئەم هەفتەیەی سوپای ئەلیكترۆنی سووریا چەندین جار تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان كردووەتە ئامانج. یەكێك لە ئامانجەكانیان هاككردنی ئەكاونتی ئەسۆسیەیشد پرێس بوو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، گرووپەكە هەواڵێكی تویت كرد و نووسی "سەرۆك باراك ئۆباما لە تەقینەوەیەكدا زیانی پێگەیشتووە".
بەڵام هێرشەكەیان بۆ سەر رۆژنامەی نیویۆرك تایمز زیانبەخشترینیان بوو، كە وایان لەخەڵك دەكرد سەردانی وێب سایتەكەیان بكەن، ئەگەرچی بۆ ماوەیەكی كورتیش بێت.
گرووپەكە رایگەیاند "سێرڤەرەكەمان لە سێ خولەك زیاتر بەرگەی نەگرت. هۆكاری هێرشەكانمان بۆ سەر ئەكاونتەكانی توویتەر دەگەڕێتەوە بۆ لەكارخستنی ئەكاونتەكەی ئێمە لەلایەن بەڕێوەبەرانی تویتەر هەروەكو چۆن چاوەڕێمان دەكرد، ئێمە سەركەوتوو بووین لە هێرشەكانمان"