ژنێکی نیشتەجێی ئەنقەرە دەڵێ، ترەمپ باوکییەتی و داوای پشکنینی دی ئێن ئەی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی تەمەن 55 ساڵ بە ناوی نەجلا ئۆزمەن کە لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەژی، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە وەک خۆی دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باوکی بایۆلۆژییەتی، لە دادگەی کاروباری خێزانیی ئەنقەرە سکاڵای سەلماندنی باوکایەتی تۆمارکرد.
ئۆزمەن داوای پشکنینی DNA لە ترەمپ دەکات و دەڵێت: "دەمەوێ باوکم دانم پێدا بنێت."
نەجلا ئۆزمەن بانگەشەی ئەوە دەکات دایکی هاووڵاتییەکی ئەمریکی بووە بە ناوی سۆفیا و لە ساڵی 1970 پەیوەندی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەبووە.
ئۆزمەن دەڵێ، کاتێک ساوا بووە، لەلایەن دایکییەوە دراوەتە خێزانێکی تورک و لە ئەنقەرە گەورە بووە. بە گوتەی خۆی، ئەو خێزانەی کە گەورەیان کردووە، ساڵی 2017 کاتێک ترەمپیان لە تەلەڤزیۆن بینیوە، پێیان گوتووە: "ئەوە باوکی راستەقینەی تۆیە."
دۆسیەکە برایە دادگەی 27ـی کاروباری خێزانیی ئەنقەرە، بەڵام دادگە بە پاساوی کەمیی بەڵگە سکاڵاکەی رەتکردەوە. ئۆزمەن تانەی لە بڕیارەکە دا و داواکەی بردوەتە دادگەی پێداچوونەوە و هەروەها لە رێگەی باڵیۆزخانەوە داواکارییەکی بۆ دادگەکانی ئەمریکاش ناردووە بۆ ئەوەی لەوێش بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی بکرێ.
نەجلا ئۆزمەن، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی تورکیا گوتی، لێکچوونێکی زۆری جەستەیی لەنێوان خۆی و ترەمپ دەبینێت و گوتی: "لە رووی روخسار و چاوەوە زۆر لەو و کچەکەی دەچم؛ داوا دەکەم پشکنینی DNA بکرێ. پشتیوان بە خودا، دەردەچێت کە باوکمە، داواکاریم ئەوەیە رووبەڕوو لەگەڵی دانیشم. دەمەوێ وەک خێزان یەکدی بناسین. دەمەوێ ئەو و خوشک و براکانم دانم پێدا بنێن و لەنێو خێزانەکەیاندا قبووڵم بکەن."