راوێژکاری باڵای ئەردۆغان: لە تورکیا تەنیا نەتەوەی تورک هەیە و کورد بەشێکی دانەبڕاوی ئەو نەتەوەن
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، لە تورکیادا تەنیا "یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت" هەیە، ئەویش نەتەوەی تورک و کۆماری تورکیایە. دەشڵێت، "کورد بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی تورکن و بەم ئەرکەشەوە، دامەزرێنەر و خاوەنی هەمیشەیی کۆماری تورکیان."
ئەمڕۆ یەکشەممە 01-02-2026 محەممەد ئوچووم، گەورە راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا و جێگری سەرۆکی دەستەی سیاسەتە یاساییەکان، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) باسی لە دۆخی کورد و پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیا کرد.
ئوچووم دەڵێت، "لە تورکیا لەڕووی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسای دامەزرێنەرەوە تەنیا یەک نەتەوە و یەک دەوڵەتی نەتەوەیی هەیە: نەتەوەی تورک و کۆماری یەکگرتووی تورکیا."
بە بڕوای ئەو بەرپرسە باڵایەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەمە بەهۆی هەلومەرجە بابەتییەکانەوە بەم شێوەیە دەمێنێتەوە و وڵاتەکەی "لەبەردەم بژاردەکانی ئیدارەی خۆجێیی یان فیدراڵیدا داخراوە.
ئوچووم لە نووسینەکەیدا سەبارەت بە کورد دەڵێت، "کورد بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی تورکن و بەم ئەرکەشەوە، دامەزرێنەر و خاوەنی هەمیشەیی کۆماری تورکیان."
بە گوتەی ئەو، ناوی نەتەوەکە "نەتەوەی تورک"ە، بەڵام پێکهاتەی ئەتنیکیی نەتەوەی تورک بە تەواوی تەنیا تورک نییە، بەڵکو "تورک، کورد، عەرەب، زازا، لاز، چەرکەز و گورجی هەموویان توخمی بنەڕەتیی گەلی تورکن."
راوێژکارەکەی ئەردۆغان پێیوایە، "ئەو راستییەی کە کورد توخمێکی بنەڕەتی و بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی تورکە، هەرگیز ناتوانرێت وەکو رەتکردنەوە و نکۆڵئ ناسنامەی ئەتنیکییان هەژمار بکرێت."
سەبارەت بە مافەکانی زمانیش، محەممەد ئوچووم ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوەی کە تورکی تاکە زمانی فەرمی و خوێندنە و زمانی دەوڵەت و یەکێتیی نەتەوەییە "جێگەی مشتومڕ نییە."
لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت: "ئەو ئازادییانەی لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری و لە خوێندن و فێرکردندا بە زمانی کوردی دراون، دەکرێت بە شێوەیەکی دەستووری گەرەنتی بکرێن. بەهێزکردن و هەمیشەییکردنی ئازادیی زمانی کوردی، گەرەنتیی داهاتووی کوردە."
دەقی نووسینەکەی ئوچووم:
"لە تورکیا لەڕووی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسای دامەزرێنەرەوە تەنیا یەک نەتەوە و یەک دەوڵەتی نەتەوەیی هەیە: نەتەوەی تورک و کۆماری یەکگرتووی تورکیا. راستییەکی ئاشکرایە کە ئەمە بەهۆی هەلومەرجە بابەتییەکانەوە بەمشێوەیە دەمێنێتەوە.
هەروەها تورکیا بەهۆی ئەو راستییە بابەتییەی کە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی وەکو راستیی جوگرافی، دابەشبوونی دانیشتووان، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، یەکێتیی باوەڕ و هاوبەشییە مێژوویی و کولتوورییەکانەوە دروست بووە، لەبەردەم بژاردەکانی ئیدارەی خۆجێی یان فیدراڵیدا داخراوە.
راستییەکە ئەمەیە: کورد بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی تورکن و بەم ئەرکەشەوە، دامەزرێنەر و خاوەنی هەمیشەیی کۆماری تورکیان. تەنیا راستیی یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت کە لەگەڵ ئەم دۆخە بابەتییەدا دەگونجێن، داهاتوو مسۆگەر دەکەن.
راستییە بابەتییەکە لێرەدا ئەوەیە کە کورد توخمێکی بنەڕەتیی ئەو نەتەوەیەیە کە بە رزگاری و دامەزراندنەوە سەریهەڵداوە. ناوی ئەم نەتەوەیە نەتەوەی تورکە. ئەمڕۆ هیچ کەسێک بانگەشەی ئەوە ناکات 'پێکهاتەی ئەتنیکیی نەتەوەی تورک بە تەواوی تورکە.' بۆیە، ئەو راستییەی کە کورد توخمێکی بنەڕەتی و بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی تورکە، هەرگیز ناتوانرێت وەکو رەتکردنەوە و ئینکاری ناسنامەی ئەتنیکییان هەژمار بکرێت. ئەوانەی ئەمە دەکەن هێزە ئیمپریالیستەکانن کە ئامانجیان پارچەکردنی یەکپارچەیی جوگرافی و یەکێتیی سیاسیی تورکیایە. ئەم هەوڵانە، لە ئەمڕۆوە، شکستیان هێناوە.
گەلی تورک، کە گەلی تورکیا پێکدەهێنێت، دامەزرێنەر و گشتگیرە. تورک، کورد، عەرەب، زازا، لاز، چەرکەز، گورجی هەموویان توخمی بنەڕەتیی گەلی تورکن. بنەمای نەتەوەی تورک گەلی تورکیایە.
گەلی تورکیا گەرەنتیی فرەڕەنگی و نەتەوەی تورک گەرەنتیی یەکێتیی ئێمەیە. هاووڵاتیبوونی تورک ئەتنیکی و رەگەزی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی یاساییە بە دەوڵەتەوە کە بە کۆمار بەدەستهاتووە و ناوەڕۆکی هاووڵاتیبوونی کۆمارییە.
بێگومان جێگەی مشتومڕ نییە کە تاکە زمانی فەرمی و خوێندن، تورکییە کە زمانی دەوڵەت و یەکێتیی نەتەوەییە، بەڵام ئەو ئازادییانەی لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری و لە خوێندن و فێرکردندا بە زمانی کوردی دراون، دەکرێت بە شێوەیەکی دەستووری گەرەنتی بکرێن. بەهێزکردن و هەمیشەییکردنی ئازادیی زمانی کوردی، گەرەنتیی داهاتووی کوردە. لە ئەنجامدا، 'یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە' راستیی بابەتیی تورکیایە."