لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئەنتاڵیا 9 کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای ئەنتاڵیای تورکیا لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێکی نەفەرهەڵگر 9 کەس گیانیان لەدەستدا و 25 کەسی دیکەش بریندار بوون. وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
 
رووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی شوباتی 2026 لە شارۆچکەی دۆشەمەئاڵتێ روویدا.
 
پاسێکی نەفەرهەڵگر کە سەر بە کۆمپانیای بوزڵو بوو، گەشتی نێوان تەکیرداغ و ئەنتاڵیای دەکرد، لە شارۆچکەی دۆشەمەئاڵتێ خۆی بە بەربەستەکاندا کێشا و وەرگەڕا.
 
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی تەندروستی، ئاگرکوژێنەوە، ئافاد، جەندرمە و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
 
خولوسی شاهین، پارێزگاری ئەنتاڵیا لە شوێنی رووداوەکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پاسەکە دوێنێ ئێوارە لە تەکیرداغەوە بەڕێکەوتووە و کاژێر 10:20ی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە لە چوارڕیانی کۆمورڵار لە شارۆچکەی دۆشەمەئاڵتێ کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە.
 
شاهین، گوتیشی، "بەداخەوە لە رووداوەکەدا 8 هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستدا و 26ی یەکەش بریندار بوون، کە هەندێکیان تەندروستییان ناجێگیرە."
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، پارێزگاری ئەنتاڵیا گوتی، "شەقامەکە تەڕ بووە، لە ناوچەکەدا تەمومژیش هەبووە. شوێنەکە بۆ خێرایی گونجاو نییە، بەڵام دیارە پاسەکە خێرا بووە."
 
پارێزگاری ئەنتاڵیا دواتر لە دووەمین لێدوانیدا رایگەیاند، یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە؛ بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی وەرگەڕانی پاسەکەوە گیانلەدەستدا گەیشتە 9 کەس و 25 بریندار لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
 
یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، "سەبارەت بە رووداوەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئانتالیاوە لێکۆڵینەوەی دادوەری دەستپێکراوە و جێگرێکی سەرۆکی داواکاری گشتی و دوو داواکاری گشتی بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە راسپێردراون."
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، تەنیا لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 677 هەزار رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان تۆمارکراون؛ لەو رووداوانەدا دوو هەزار و 541 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 407 هەزار کەسیش بریندار بوون.