تورکیا.. لە دوو رووداوی هاتووچۆدا 16 کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنتاڵیا پاسێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە 9 کەس گیانیان لەدەستدا، لە رووداوێکی دیکە لە پارێزگای بوردور 7 کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.
لە شارۆچکەی دۆشەمەئاڵتی، پاسێکی نەفەرهەڵگر کە گەشتی تەکیرداغ - ئەنتاڵیای دەکرد، خۆی کێشا بە بەربەستەکانی سەر رێگە و وەرگەڕا؛ بەپێی زانیارییەکانی تیمەکانی تەندروستی، ئاگرکوژێنەوە، ئافاد (AFAD)، جەندرمە و پۆلیس کە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، لانیکەم 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 25 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە پارێزگای بوردوری تورکیا لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلدا 7 کەس گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە یەکی شوباتی 2026 لە ناوچەی ئاشاغی یومروتاش لەسەر رێگەی سەرەکی ئانتاڵیا-ئیسپارتا روویدا.
لە نزیک تونێلی کازاک، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت پێکیاندادا. دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی فریاکەوتنی 112، بەرگری شارستانی و جەندرمە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
پارێزگای بوردور، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر رێگەی ئاغڵاسون-ئانتاڵیا-ئیسپارتا لە ئاراستەی ئیسپارتا لە ناوچەی ئاشاغی یومروتاش، بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە کە دوو ئۆتۆمبێل تێیدا تێکشکابوون، 7 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پێنج هاووڵاتیی بریندار بۆ نەخۆشخانەکانی دەوروبەر گوێزراونەتەوە و لە شوێنی رووداوەکە رێوشوێنی ئەمنیی پێویست گیراوەتەبەر. دوای کۆتاییهاتنی کاری تیمەکان، رێگەکە بە رووی هاتووچۆدا کراوەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 677 هەزار رووداوی هاتووچۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان تۆمارکراون؛ لەو رووداوانەدا دوو هەزار و 541 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 407 هەزار کەسیش بریندار بوون.