ئامەدسپۆر ئەدەنەی گۆڵباران کرد و پلەی یەکەمی وەرگرتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 1-2-2026 میوانداریی یانەی ئەدەنەسپۆری کرد و یارییەکەی بە حەوت گۆڵی خاوێن لێ بردەوە، یانەکە خۆی گەیاندەوە پلەی یەکەمی خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیا.
یارییەکە لە یاریگەی دیاربەکر بەڕێوەچوو و ئامەدسپۆر بە ئاست و ئەنجام دڵی هاندەرانی خۆی خۆشکرد.
یاریزانانی ئامەدسپۆر هەر لە سەرەتاوە گوشاریان خستە سەر گۆڵی یانەی ئەدەنەسپۆر و یانەی ئەدەنەسپۆریش بەرگریی دەکرد. بەڵام یاریزانانی یانەی میوان هەتا خولەکی 22 توانییان پارێزگاری لە گۆڵەکەیان بکەن و مبای دیاگنە گۆڵی یەکەمی ئامەدسپۆری تۆماکرد.
بەدوایەوە سینان کورت و فلۆرێنت حەسانی لە خولەکەکانی 44 و 46 گوڵی دووەم و سێیەمیان بۆ ئامەدسپۆر کرد و گێمی یەکەمی یارییەکە بە ئەنجامی 3-0 کۆتاییهات.
یاریزانانی ئامەدسپۆر لە سەرەتای گێمی دووەمیش لەسەر گوشارکردن بۆ سەر گۆڵی یانەی رکابەر بەردەوام بوون.
ئاندرێ پۆکۆ لە خولەکی 52 گۆڵی چوارەمی تۆمارکرد، هەروەها فلۆرێنت حەسانی لە خولەکی 60 دووەمین گۆڵی خۆی و پێنجەمین گۆڵی یانەکەی تۆماکرد.
یاریزان چەکدار ئۆرهان کە لە گێمی دووەمی یارییەکە چووە نێو یاریگە، لە خولەکی 77 گۆڵی شەشەمی ئامەدسپۆری تۆمارکرد.
لە خولەکی 88 یاریزان تارکان سەربەست دوایین گۆڵی یارییەکەی تۆماکرد و بەمجۆرە ئامەدسپۆر بە ئەنجامی 7-0 یارییەکەی لە ئەدەنەسپۆر بردەوە.
بەم ئەنجامە یانەی ئامەدسپۆر کۆی خاڵەکانی گەیاندە 46 و پێشەنگی لە یانەی ئەرزەڕۆمسپۆر وەرگرتەوە کە 46 خاڵی هەیە و رۆژی شەممە بە شێوەیەکی کاتی چووبووە پلەی یەکەم.
یانەی ئامەدسپۆر
ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز، سپییە و سەرەتا لەژێر ناوی مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر بەشداری لە خولە میللـیەکانی ئامەد کرد.
ساڵی 1990 یانەکە لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
وەرزی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
وەرزی 2024-2025 بووە یەکەمی یانە پلە دووەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا.
ئامەدسپۆر لە خولی یانە پلە یەکەکانیشدا ئاستێکی باشی نیشانداوە و توانیویەتی ببێتە پێشەنگ. ئەگەر پارێزگاری لەم ئەنجامەی بکات، ساڵی داهاتوو دەگاتە سوپەرلیگی تورکیا و رکابەری یانەکانی گاڵاتاسارای، فەنەرباخچە و بێشیکتاش دەکات.