لە کەناراوەکانی بۆدرومی تورکیا بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوت؛ 11 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە سنوورە ئاوییەکانی پارێزگای موغڵای تورکیا، بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوت. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، 11 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 21 ـی دیکەش رزگارکراون.
رووداوەکە کاژێر 06:00 ـی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە یەکی نیسانی 2026 لە کەناراوەکانی یاڵیکاڤاک سەر بە شارۆچکەی بۆدرووم روویدا.
بەلەمێک کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی تێدابوو، ژێرئاو کەوت. دوای رووداوەکە تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان و هێلیکۆپتەرێکی سەر بە فەرماندەیی پاراستنی ئاسایشی کەناراوەکانی ئیزمیر رەوانەی ناوچەکە کران.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، تیمەکان تەرمی 11 کۆچبەری نایاساییان دۆزیوەتەوە و 21 کۆچبەری دیکەش رزگارکراون.
تائێستا نازانرێ چەند کۆچبەر لە نێو بەلەمەکەدا بوون، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و رزگارکردن لە ناوچەکەدا بەردەوامە.