دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە بابەتی بەڕێوەبردنی تورکیادا رەخنە لە یەکدی دەگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

نمایشی هەریەک لە هێلیکۆپتەری گۆکبەی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئانکا-3 و کان، کە تورکیا بەرهەمیان دەهێنێت، لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. ئەردۆغان رایگەیاند، بەر لە دەسەڵاتی ئاکپارتی 20%ی پێویستیی سەربازی خۆماڵی بوو، ئێستا گەیشتووەتە 80%؛ رەخنەی لە دەسەڵاتەکانی پێشووتریش گرت.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "لە 80 ساڵی سەرەتای مێژووی کۆمارمان، چ بەهۆی نەزانیی دەسەڵاتەوە بێت، چ بەهۆی کەسانێکی ناخاکییەوە، ئەو ئاییندەیەی پێشنەکەوتبوو و بەردەمی گیرابوو، یانیش داینەمێتی لەژێر دادەنرایەوە، ئەمڕۆ ئێمە دەیبینین. ئەو ئاییندەیەی غازی مستەفا کەمال دەیگوت لە ئاسمانەکاندایە، ئەمڕۆ پێی گەیشتین."
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە کە بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەتە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە پارێزگای زۆنگوڵداک بەشداریی کۆبوونەوەیەکی لایەنگرانی کرد.
 
لەوێ سەرۆکی گشتیی جەهەپە بەربژێرانی هاوپەیمانیی میللـەتی بە خەڵک ناساند و رایگەیاند، دەسەڵاتی ئێستا پێگەی دەوڵەتی تورکیای لاواز کردووە، "دەوڵەت لەسەر بنەمای دادپەروەری بونیات دەنرێت. دەوڵەت پارت نییە، بەڵام ئەمانە کۆماری تورکیایان کردووەتە پارت. دووبارە ئەم دەوڵەتە وا لێدەکەین لەلایەن کەسانی بەتواناوە بەڕێوەببرێت."
 
مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کە بەربژێری پەرلەمانە لە ئەنتاڵیا، لە رێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندێکی تەندروستیدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، کەسانێک لە دەرەوەی تورکیاوە دەیانەوێت وڵاتەکە ناشیرین نیشان بدەن.
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، "پێگەی تورکیا زۆر بەرزە. سەرکردەی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەر بەڵێنێک بدات جێبەجێی دەکات. لە راپرسییەکانی ئەم چەند رۆژەشدا ئەمەیان نووسیوە."
 
عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن لە پارێزگای ئیدری باکووری کوردستان بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا کرد و رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە گرت.
 
باباجان ئاماژەی بەوە کرد، "کڵچدارئۆغڵو، کە هەموومان پشتگیریی لێدەکەین، چەند پارتێکی دەرەوەی هاوپەیمانیی میللـەتیش پشتگیریی لێدەکەن. سوپاسی ئەوانیش دەکەین."
 
رۆژی 14ی ئایار لە دوو پسوولەی جیادا دەنگ دەدرێت بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا.