دادگەی سێرت دەستگیرکردنی سەربازێکی تۆمەتبارکراو بە دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی کورد رەتدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دادگەی سزا قورسەکانی سێرت داواکاری دەستگیرکردنی ئەو سەربازە تورکەی رەتکردەوە، کە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردن لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی کچە کوردێکی باکووری کوردستان دادگایی دەکرێ.  
 
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی حوزەیرانی 2021 لە یەکەمین دادگەی سزا قورسەکانی سێرتی باکووری کوردستان، سێیەمین دانیشتنی دادگە لە دۆسیەی ئیپەک ئەر بەڕێوەچوو.
 
خێزانی ئیپەک ئەر و پارێزەرەکانی لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی هەدەپە و ژمارەیەک بەرپرس و ئەندامی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەی دانیشتنی دادگە بوون. 
 
موسا ئۆرهان، کە وەک تۆمەتبار لەو دۆسیەدا دادگایی دەکرێ لەگەڵ پارێزەرەکانی لە ئەنقەرەوە لە رێگەی سیستەمی دەنگ و رەنگ بەشداریی دانیشتنەکەی دادگەی کرد.
 
دادگەی سزا قورسەکانی سێرت داواکاری گرتنی موسا ئۆرهانی رەتکردەوە و دانیشتنی داهاتووی لەبارەی ئەو دۆسیەیە بۆ 16ی ئەیلوولی داهاتوو دواخست.  
 
ئیپەک ئەری تەمەن 18 ساڵ کچە کوردێکی خەڵکی پارێزگای ئیلێهی باکووری کوردستان بوو. بەهۆی ئەوەی کەسێک دەستدرێژیی کردبووە سەری، رۆژی 16ی تەمموزی 2020 نامەیەکی لە دوای خۆی بەجێهێشت و هەوڵی خۆکوشتنی دا. دوای ئەوەی 34 رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە رۆژی  18ی ئابی 2020 لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی ئێلیهـ گیانلەدەستدا. 
 
ئیپەک ئەر لە نامەکەیدا کە لە میدیاکاندا بڵاوبووەوە ئاماژەی بەوەدابوو، "موسا ئۆرهان بە زۆر ماددەی هۆشبەر و کهولی پێداوە".
 
عایشە ئاجار باشاران، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە دوای گیانلەدەستدانی ئیپەک ئەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەر ئاماژەی بەوەدا، "موسا ئۆرهان دەستدرێژیی کردووەتە سەر کچێکی گەنجی تەمەن 18 ساڵ و بە درێژایی 20 رۆژ دەستبەسەری کردووە. ئەو کچە گەنجە چەندینجار سەری لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان داوە و، هەوڵی دا دەنگی خۆی بگەیێنێت، بەڵام نەیتوانی دەنگی بە هیچ لایەک بگەیێنێت".
 
دوای ئاشکرابوونی رووداوەکە، لە 16ی تەمموزی 2020، موسا ئۆرهان دەستبەسەرکرا و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ دوورخرایەوە، بەڵام وێڕای راپۆرتی پزیشکی داد کە دەیسەلماند دەستدرێژی کراوەتە سەر ئیپەک ئەر، موسا ئۆرهان رۆژی دواتر لە 17ی تەمموزی 2020 بە مەرج ئازاد کرا. 
 
بارۆی سێرت تانەی لە بڕیارەکە دا و داواکاری گشتیی سێرت جارێکی دیکە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ موسا ئۆرهان دەرکرد. 
 
داواکاری گشتیی سێرت لە نووسراوێکدا کە رۆژی چوارشەممە 19ی ئابی 2020 دەریکردووە ئاماژەی بەوەدابوو، لە 27-7-2020 بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ موسا ئۆرهان دەرکردووە.
 
موسا ئۆرهان رۆژی چوارشەممە 19ی ئابی 2020 دوای وەرگرتنی گوتەکانی لەلایەن دادگەی ئێشکگرەوە خرایە زیندانەوە. یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو کەیسە رۆژی 16ی تشرینی یەکەمی 2020 لە یەکەمین دادگەی سزا قورسەکانی سێرت بەڕێوەچوو.