کابینەی نوێ لە تورکیا؛ 'جێگەی ئەو پەرلەمانتارانە پڕناکرێتەوە کە پۆست لە حکومەت وەردەگرن'
رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی تورکیا چەند لیستێکی جیاوازیان لەبارەی ناوی وەزیرانی کابینەی نوێی وڵاتەکەیان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە. یاساناس و چاودێری سیاسیی تورکیاش دەڵێت، "لە پەرلەمانی تورکیادا ئەگەر پەرلەمانتارێک کورسییەکەی خۆی جێبهێڵێت ببێتە وەزیر، ئەوا کورسییەکەی پڕ ناکرێتەوە."
دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە، 30-5-2023 دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی کۆتایی و فەرمیی کورسیی پارتەکانی لە پەرلەمان راگەیاند و لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاویکردەوە، چاوەکان کەوتنە سەر ئەو 17 پەرلەمانتارەی ئاکپارتی، کە لە کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا یاریدەدەری سەرۆککۆمار و وەزیرن. لەمبارەیەوە ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، چاوەڕێ دەکرێت رۆژی هەینی 2-6-2023 وەزیرە تازەکان دیاری بکرێن و کابینەی نوێی کۆماری رابگەیێنرێت.
بەگوێرەی بڕگەی 82ـی دەستووری تورکیا، "ئەو پەرلەمانتارەی کار و پیشەیەکی جیا لە پەرلەمانتارییەکەی هەیە و لەگەڵ پەرلەمانتارییەکەی ناگونجێت، ئەگەر پێداگر بێت لەسەر بەردەوامبوونی ئەوان دەدرێتە لیژنەی پەیوەندیدار و دوای ئامادەکردنی راپۆرتی داواکراو لەبارەیەوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەنگ لەسەر چارەنووسی پەرلەمانتارییەکەی دەدات."
ئۆپۆزیسیۆن جەخت لەسەر ئەم بڕگەیەی دەستوور دەکاتەوە و رەخنە لەو پەرلەمانتارانەی ئاکپارتی دەگرێت کە هێشتا وەزیرن، بەڵام بەرپرسانی ئاکپارتی دەڵێن ئەمە پۆستی وەزیر ناگرێتەوە.
لەمبارەیەوە جەسیم پارڵاک، یاساناس و چاودێری سیاسیی تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە پەرلەمانی تورکیادا ئەگەر پەرلەمانتارێک کورسییەکەی خۆی جێبهێڵێت ببێتە وەزیر، ئەوا کورسییەکەی پڕ ناکرێتەوە و حیزبەکەی پەرلەمانتارێک لەدەستدەدات. کەمبوونەوەی پەرلەمانتار هیچ کێشەیەک بۆ پەرلەمانی تورکیا دروستناکات. تەنیا ئەگەر ژمارەی پەرلەمانتاران کە 600'ە بۆ 570 داببەزێت، واتا 30 پەرلەمانتار کەم ببێتەوە، ئەوکات لەو پارێزگایانەی هیچ نوێنەرێکیان لە پەرلەماندا نییە، هەڵبژاردنی سنووردار دەکرێت و تەنیا دانیشتووانی ئەو پارێزگایە دەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانتار دەدەن."
بەگوێرەی بڕگەی 106ـی دەستوور کە 16-4-2017 هەموارکراوەتەوە، پێکهێنانی حکومەت، دانان و لابردنی وەزیرەکان و بڕیارەکانی رێکخستنیان، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی سەرۆککۆمارە و لەڕێی بڕیارنامەوە دەکرێت.
هەر بۆیە چاوەکان لەسەر ئەوەن رەجەب تەیب ئەردۆغان لیستی یاریدەدەر یاخود یاریدەدەرانی و وەزیرەکان رابگەیێنێت. ئەمە لەکاتێکدایە بەر لە گشتپرسییەکەی 2017 و گۆڕینی سیستمی لەلایەن ئاکپارتییەوە، دەبوو سەرۆکی گشتیی پارتی براوە بۆ پیکهێنانی حکومەت رابسپێردرێت و تەواوی ئەو وەزیرانەش کە دادەنران، دەبوو رەزامەندیی پەرلەمان بەدەستبهێنن.
ئێستا لە چەند دەزگایەکی میدیاییدا زانیاری لەبارەی پێدانی پۆستە وەزارییەکان و ناوی کەسەکانیش بڵاوکراوەتەوە. رۆژنامەی ئاڕتی-گەرچەک لیستێکی بڵاوکردووەتەوە رایگەیاندووە کە هاکان فیدان، یان ئیبراهیم کاڵن پۆستی وەزیری دەرەوەیان پێدەدرێت. خولوسی ئاکار وەک وەزیری بەرگری دەمێنێتەوە یان پۆستەکە بە یاشار گولەر، سوپاسالار دەدرێت. عەلی یەرلیکارا کە ئێستا پارێزگاری ئیستەنبووڵە، دەکرێتە وەزیری نێوخۆ، لەکاتێکدا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ مانەوەی سولەیمان سۆیلودایە لەو پۆستەدا. تاکە وەزیر کە لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە؛ محەممەد نووری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتیارییە.
هەروەها رۆژنامەی سەباحی تورکی بڵاویکردووەتەوە چاوەڕێ دەکرێت محەممەد شیمشەک وەک یاریدەدەری وەزیر دەستبەکاربێت، یان لە دەرەوەی حکومەتەوە پشتگیری کاروبارەکانی ئابووری بکات. هەروەها چەند وەزیریک لە پۆستەکانی خۆیاندا دەمێننەوە.
رۆژنامەی تورکیا (تورکیا گازەتەسی) بڵاوی کردووەتەوە؛ هەریەک لە فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی و محەممەد شیمشەک دەبنە یاریدەدەری سەرۆککۆمار. مستەفا شەنتۆپ، کە ئێستا سەرۆکی پەرلەمانە، دەبێتە وەزیری داد. د. رووهی ئەرسۆی، کە ئێستا راوێژکاری باڵای سەرۆکی مەهەپەیە، دەبێتە وەزیری کار. ئیبراهیم کاڵن، کە ئێستا گوتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیایە، دەبێتە وەزیری دەرەوە. هاکان فیدان دەبێتە وەزیری نێوخۆ.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، رۆژی چوارشەممە 31-5-2023 ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست کە سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە هەموو ئەو زانیاری و لیستانەی بە نادروست وەسفکرد و جەختیکردەوە، کە پلان و لیستێکی وەها لە ئارادا نییە.