دادگەی دەستووریی تورکیا: مافی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو پێشێلکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی دەستووریی تورکیا رایگەیاند، عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو کە مافی پەرلەمانتارێتیی لێسەندرایەوە و خرایە گرتووخانە، مافی پێشێلکراوە.
 
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو کە پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە بوو لە بازنەی کۆجائەلی، دوای ئەوەی مافی پەرلەمانتارێتیی لێسەندرایەوە، 2ی نیسانی 2021 خرایە زیندانەوە. گەرگەرلیئۆغڵو نووسراوی ئاراستەی دادگەی دەستووریی تورکیا کرد و تانەی لەو پرۆسەیە دا کە لە بەرامبەریدا جێبەجێکراوە.
 
دادگەی دەستووریی تورکیا وەڵامی تانەی گەرگەرلیئۆغڵوی داوەتەوە و نووسیویەتی، "گەرگەرلیئۆغڵو لە [مافی هەڵبژێردران و چالاکیی سیاسی] و [مافی ئازادیی تاک و ئاسایش]دا پێشێلکاریی بەرامبەر کراوە".
 
پێشتر چەند جارێک گەرگەرلیئۆغڵو لەلایەن دەسەڵاتەوە و لەڕێگەی دادگەوە گوشاری لەسەر دروستکرا و بە "پشتگیریکردنی رێکخراوی تیرۆریستی" تۆمەتباردەکرا. ئەوەبوو لەسەر هەمان تۆمەت 19ی شوبات داوای سزای دوو ساڵ و شەش مانگی لەلایەن داواکاری گشتییەوە پشتڕاستکرایەوە.
 
ساڵح گەرگەرلیئۆغڵو، کوڕی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو لە تویتێکدا هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "دادگەی دەستووری بڕیاری ئەنجامدانی پێشیلکاریی بەرامبەر بە باوکمی راگەیاندووە. کەواتە باوکم ئازاد دەکرێت، باوکم ئازاد دەکرێت".
 
گەرگەرلیئۆغڵو ئێستا لە گرتووخانەیە و چاوەکان لەسەر ئەوەن کە ئایا پشت ئەستوور بەو بڕیارەی دادگەی دەستووری، کەی ئازاد دەکرێت.
 
هاوکات ئەو بڕیارە ئومێدی لەبارەی پێدانەوەی مافی پەرلەمانتارێتی بە گەرگەرلیئۆغڵو دروستکردووە.