پەکەکە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکەی ئەنقەرە راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوە "خۆکوژیی"ـەکەی ئەمڕۆی بەردەم وەزارەتی نێوخۆی تورکیا رادەگەیێنێت.
کاژێر 09:30 خولەکی بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 01-10-2023، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە نزیک وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە تەقینەوەیەک روویدا.
لەبارەی رووداوەکەوە، عەلی یەریلکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، "دوو کەس بە ئۆتۆمبێلێکەوە هێرشەکەیان کردووە و یەکێکیان خۆی تەقاندووەتەوە، ئەوەی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە. لە ئەنجامی ئەو هێرشەشدا دوو پۆلیس بە سووکی بریندار بوون."
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی - هەپەگە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: "هێرشەکەی بەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن تیمی 'کەتیبەی فیدایی نەمران'مانەوە کراوە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێرشەکە وەکو ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو، بەڕێوەچوو، ئاکەپە و مەهەپە زەرەر و زیانەکانی خۆیان لە رای گشتی دەشارنەوە، کەتیبەی فیدایی نەمران دەیانتوانی بە گۆڕانکارییەکی بچووک لە کاتی چالاکییەکە ئەنجامی جیاوازتر بپێکین، بەڵام بە مەبەست ویستیان بەوجۆرە چالاکییەکە بکەن و پەیامێک بەو دامەزراوەیە بدەن".
لە راگەیێندراوەکەدا هەپەگە ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم چالاکییە بەرپەرچدانەوەی تاڵانکاری و کۆمەڵکوژیی فاشیزمانەیە لە رۆژئاوای کوردستان، هاوکات وەڵامێکە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا، ئەم چالاکییە بەتایبەتی لە رۆژی کرانەوەی پەرلەمان لەلایەن رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین ئەنجامدراوە".