باخچەلی بۆ سەرۆکی جەهەپە: پەرلەمان شوێنی دەربڕینی ناڕەزایی نییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە، لەبارەی بڕیاری جەهەپە بۆ بەشدارینەکردن لە کردنەوەی ساڵی نوێی یاسادانان لە پەرلەمان رایگەیاند، "پەرلەمان شوێنی پرۆتستۆ نییە."
کاژێر 14:00ـی ئەمڕۆ چوارشەممە، 01ی تشرینی یەکەمی 2025، ساڵی نوێی یاسادانان لە پەرلەمانی تورکیا دەستپیپێکرد. پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆن و دەستگیرکردنانەی لەم دواییانەدا کراونەتە سەر شارەوانییەکانی، بڕیاری دا بەشداری لە دانیشتنەکەدا نەکات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کاردانەوەی بەرامبەر بڕیارەکەی جەهەپە نیشاندا و رایگەیاند: "ئەم ھەڵوێست و بژاردە سیاسییە نائەخلاقییەی جەهەپە تەنیا بێڕێزیکردن نییە بەرامبەر بەڕێز سەرۆککۆمار؛ بەڵکو ھێرشێکی چڕیشە بۆ سەر شکۆ و دەستکەوتە مێژووییەکانی پەرلەمانی گەورەی تورکیا و بنەماکانی دیموکراسی و ئیرادەی گەلی تورک."
سەرۆکی مەهەپە دەڵێ، "ئەم دۆخە مەترسیدارە بەکارھێنانی مافێک نییە، بەڵکو ئاگرتێبەردانی مافە نیشتمانی و دیموکراتییەکانە. بەم شێوەیە ھەڵەیەکی گەورەی دیکە دەخرێتە سەر ھەڵەکانی پێشوو."
دەوڵەت باخچەلی راشیگەیاند: "کەوتنە ژێر سێبەری مشتومڕی بێ بنەما و بێ واتای شەرعیەت لە ساڵی نوێی یاساداناندا، ئەوە دەردەخات کە ئەو گەردەلوولی قەیرانەی پارتی گەلی کۆماری تێیکەوتووە، بەرفراوانتر دەبێت"
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی دووشەممە، 29 ـی ئەیلولی 2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "کاتێک سەرۆککۆمار دێتە پەرلەمان، پێشوازی لێ ناکەین".
ئۆزەل، سەبارەت بە بڕیاری پارتەکەی بۆ بەشدارینەکردن لە کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا لە یەکی تشرینی یەکەم گوتی: "ئەگەر هەستینە سەرپێ، وەکو ساڵی رابردوو وەکو سەرۆککۆمارێک پێشوازیی لێدەکەین، بەڵام دیارە کە وانییە. ئەگەر دانیشین و گوێی لێبگرین، دیارە چیی بەرامبەر کردووین."
سەرۆکی جەهەپە هەروەها گوتی: "ئەو هەوڵی کودەتای دژی ئێمە داوە. لەژێر چەتری پەرلەماندا کە شوێنی بەرجەستەبوونی ئیرادەی نیشتمانییە، لەگەڵ کەسێکدا نابین کە دژی ئێمە، دژی پارتی دەسەڵاتداری داهاتوو و سەرۆککۆماری داهاتوو بە رەزامەندیی ترەمپ لە ئەمریکاوە کودەتای کردووە. کاتێک ئەو لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە دەبێت، ئێمە لەوێ نابین. ئەگەریش بەشداری لە ئاهەنگی پێشوازییەکەدا بکات، ئێمەش بەشداریی تێدا ناکەین."