ئەردۆغان: لەمەودوا لە بری زمانی نەفرەت لەسەر رێزی دوولایەنە بەردەوامدەبین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا بۆ یەکەمجار دوای پەیامەکەی ئیمراڵی قسە لەسەر پرۆسەکە دەکات. ئەردۆغان لە ئیستەنبووڵ، هەر لەو شارەی رۆژی چوارشەممە پەیامەکەی ئۆجەلانی تێدا خوێندرایەوە، لە یەکەم بەربانگی رەمەزان لەگەڵ "کەسوکاری شەهیدان" کۆبووەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە یەکەم بەربانگی رەمەزان گوتی، "هەڵبەتە لە چارەسەریی پرسەکانماندا پێشینە بە دیدار، گفتوگۆ و سازان دەدەین. لەمەودواش لەبری زمانی نەفرەت، شەڕ و پشێوی، بەردەوام دەبین لەسەر رێزی دوولایەنە، لێبوردەیی و دیالۆگ. بەڵام ئەو دەستەمان کە بۆ تەوقە رامانگرتووە، ئەگەر لە هەوادا بمێنێتەوە، یانیش گازی لێ بگیرێت، هەمیشە کۆڵەمشتی ئاسنینمان ئامادەیە".
ئەردۆغان 10 ساڵ لەمەوبەر وەکو سەرۆکوەزیران دەستی دایە پرۆسەی ئاشتی، ئێستاش وەکو سەرۆککۆمار پشتیوانی لە هەوڵێکی هاوشێوە دەکات.
ئەمجارە بە ئاوازێکی بەجۆشتر و وەکو هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی و مەهەپەن و 319 کورسییان لە کۆی 600 کورسییەکەی پەرلەمان هەیە، پرۆسەکە دەستیپێکراوە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە یەکەمین هەنگاوی ئەو دەستپێشخەرییەی ناوە، لە راگەیێندراوێکی نووسراودا کە ئێوارەی شەممە بڵاویکردەوە و لەبارەی قبوڵکردنی بانگەوازی ئۆجەلان لەلایەن پەکەکەوە دەڵێت، "روونکردنەوەکان پشتیوانیی بانگەوازەکە دەکەن و تەواوی دەکەن و جێی خۆشحاڵین. کۆبوونەوەی سەردەستەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە قەندیل، لە دەوروبەری ئیمراڵی و پشتیوانیکردن لە بانگەوازەکەی 27ـی شوبات، لەم قۆناخەدا یەکدەنگییە و لە بەرژەوەندی هەمووانە".
بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسۆن بەتایبەتیش پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەڵێن، ئەو پرۆسەیە جێی ناڕەزایی "کەسوکاری شەهیدانە". ئەردۆغان گوتی؛ لەم پرۆسەیەدا برایەتی، دیموکراسی و ئابووریمان دەیبەنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلی گوتی، "بە کەسوکاری شەهیدان دەڵێم، لەم دەستپێشخەرییەدا هیچ شتێک نییە ئازاری رۆحی شەهیدان بدات و ئێوە نیگەران بکات، سەرتان لە زەوی بدات. هەرگیز شتێکی وەهاش نابێت".
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی شەممە یەکی ئاداری 2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەبێت و لای خۆیەوە ئاگربەستی راگەیاند.