باخچەلی و دەمیرتاش بە تەلەفۆن قسەیان کرد

رووداو دیجیتاڵ 

میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، دەولەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە پەیوەندیی بە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کردووە و قسەیان کردووە.
 
ئەگەرچی بەرپرسانی دەم پارتی هێشتا پشتڕاستیان نەکردووەتەوە، بەڵام لە میدیای تورکیادا بڵاوکراوەتەوە کە باخچەلی و دەمیرتاش لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆیان کردووە.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2-3-2025 ناگیهان ئاڵچی، شرۆڤەکاری نزیک لە ئاکپارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:"دوێنێ شەممە سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆچوونی ئەرێنیی لەبارەی بانگەوازەکەی رۆژی پێنجشەممە خستبووەڕوو. لەوێدا سوپاسی سەرۆککۆمار و دەوڵەت باخچەلی کردبوو و گرنگیی ئەوانی نیشاندابوو. لەبەر ئەوە بەڕێز باخچەلی دوێنێ شەممە لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە کردووە و گفتوگۆیان کردووە. وردەکاریی گفتوگۆکە بە تەواوی نازانم، بەڵام ئەوە دەزانم کە باخچەلی بەهۆی هەڵوێستەکانی، سوپاسی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کردووە ". 
 
ئەمە لەکاتێکدایە دەوڵەت باخچەلی پەیوەندیی بە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتییەوە کردووە و پێیگوتووە، بەیەکەوە تورکیا بە دیموکراسی دەکەین. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە من گەیشتووە، باخچەلی پەیوەندیی بە سەڵاحەدین دەمیرتاشیشەوە کردووە".
 
چی روویدابوو؟
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 01-10-2024 لەکاتی واڵاکردنی دەرگەی پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا، چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە  رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلیی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و هیوای خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن.
 
شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیداری کرد.
 
باخچەلی رۆژی 31-12-2024 سەبارەت بەو دیدارە گوتی:"بە شێوەیەکی گشتی، بەشێک لەو دیدارە کە لە میدیادا بڵاوکراوەتەوە، جگە لەوەی هیوای دیموکراسی، برایەتیی تورک و کوردی بەهێزکردووە، بووەتە دەستپێکێکی خێردار. ئیدی پێویستە بابەتەکە لە گوتەوە بۆ کردار بگۆڕدرێت و قۆناخ بە قۆناخیش پێشهاتەکان رابگەیێندرێن".
 
شاندەکەی دەم پارتی دوای دیداری ئیمراڵی، لەگەڵ زۆربەی پارتەکان و ژمارەیەک کەسایەتیی گرنگ کۆبووەوە. دواتر دووبارە سەردانی ئیمراڵیی کردەوە. 
 
ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگی کرد.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش کۆبووەوە و گەڕایەوە ئەنقەرە.
 
بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ پەکەکە
 
شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی رۆژی 27-2-2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە بانگەوازەکەدا بە پەکەکەی گوتووە، ''کۆنگرە ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە".
 
کۆمیتەی رێڤەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی 1-3-2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبن و جێبەجێیدەکەن، هەروەها گوتیشی، "لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیێنین." 
 
پەکەکە هەروەها داوایکردووە عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکایەتیی کۆنگرەکە و هەڵوەشاندنەوەکە بکات.
 
ئێستا چاوەکان لەسەر رێککەوتنی لایەنەکانن بۆ قسەکردن لەسەر شێوازی هەڵوەشانەوەی پەکەکە و چۆنیەتیی چەکدانان.