میدیاکانی تورکیا: یاسای پرۆسەی چارەسەری دوای جەژنی رەمەزان دەردەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیاکانی تورکیا دەڵێن، یاسای پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد دوای جەژنی رەمەزان دەردەچێت و گەڕانەوەی گەریلاکانی پەکەکەش دەستپێدەکات.
 
بەگوێرەی میدیای تورکیا کە لە زاری سەرچاوەکانی ئاکپارتییەوە بڵاویکردووەتەوە، دوای جەژنی رەمەزان هەنگاوەکانی یاسای پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد دەنرێن.
 
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەو گەریلایانەی پەکەکە کە بەشداریی هێرشیان نەکردووە و تاوانیان ئەنجامنەداوە، بێ ئەوەی پێویستیان بە یاسا بێت، دەتوانن بگەڕێنەوە و بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد دەکرێن.
 
 ئەو کەسانەی بە چاودێریی دادوەری ئازاد دەکرێن، لە کاتی دیاریکراودا لە دامەزراوە ئەمنییەکان واژۆ دەکەن.
 
دەرکردنی یاسای پرۆسەی چارەسەریش دوای ئەوەی "راپۆرتی میت" لەبارەی پێشهاتەکانی نێو مەیدان تەواو دەبێت، یاساکە لە پەرلەمانی تورکیا دەردەکرێت.
 
بەگوێرەی هەواڵەکە، دوای ئەوەی پەکەکە نامێنێت، ئەو کەسانەی وەک تاوانبار دەناسرێن، بەگوێرەی یاسای سزاکانی تورکیا بە تاوانی "مرۆڤ کوشتن" دادگایی دەکرێن و سزا وەردەگرن. ئەگەر لە "یاسای جێبەجێکردن"دا ماوەی سزاکان کەمبکرێتەوە، ماوەیەکی کەم لە گرتووخانەدا دەمێننەوە. بەڵام ئەم بابەتە ئێستا لە رۆژەڤدا نییە.
 
بۆ سەرکردەکانی پەکەکە یاسایەکی جیاواز دەرناکرێ و ئەو کەسانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە باکووری کوردستان و تورکیا، بەگوێرەی یاسای پرۆسەی چارەسەری کە دەردەچێت، دادگایی دەکرێن. بۆ ئەو کەسانەش کە لە ئەورووپاوە دەگەڕێنەوە، هەمان شت دەکرێ.
 
بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنانەی دەکرێن، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ساڵی 2035 دەتوانێت سوود لە یاسای ئازادکردنی بەمەرج وەربگرێت و ئازاد بکرێ. بۆ ئەوەی ئێستاش ئازاد بکرێ، دەبێت یاسای جێبەجێکردنی سزاکان بگۆڕدرێت.