وەزیری گواستنەوەی تورکیا: 14 کەشتییمان لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، 14 کەشتیی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە و دەڵێت، بۆ دەربازکردنی ئەو کەشتییانە لە هەوڵدان.
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، پێش کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و سەبارەت بەو کەشتییانەی وڵاتەکەی کە لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە، زانیاریی دا.
ئۆراڵئۆغڵو، گوتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو کەشتییانەی لەوێ گیریان خواردووە دەربازیان بکەن.
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، ئاشکرای کرد، لە گەرووی هورمز 14 کەشتیی تورکیا گیریان خواردووە و گوتی: "3 لەوانە بۆ ئۆپەراسیۆنی جیاواز لەوێن و داوای تێپەڕبوونیان نییە. ئەو سێ کەشتییە بۆ هەندێک ئۆپەراسیۆنی تایبەت و بەرهەمهێنانی وزە لەوێن، بەڵام بۆ دەرکردنی 11 کەشتییەکەی دیکە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانمان بەردەوامن."
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هەلی دەربازکردنی ئەو کەشتییانەیان بۆ نەڕەخساوە، بەڵام بەردەوام لەگەڵ کاپتن و کارمەندانی کەشتییەکان لە پەیوەندیدان و لە نزیکەوە چاودێریی دۆخیان دەکەن.
هەفتەی رابردوو لە دەریای رەش، بە دووریی نزیکەی 14 میل لە گەرووی ئیستەنبووڵ، بە درۆن هێرش کرایە سەر کەشتییەکی تورکیا. ئۆراڵئۆغڵو باسی لەوە کرد کە شارەزاکانیان هێشتا لێکۆڵینەوە دەکەن کە ئایا رووداوەکە پێکدادان بووە یان تەقینەوەیەکی نێوخۆی کەشتییەکە بووە، بەڵام پشتڕاستی کردەوە کە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کەشتییەکەدا هەبووە.