ئامەدسپۆر بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا گەیشتە خولی نایابی تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر، دوای یەکسانبوونی لەگەڵ یانەی ئیدرسپۆر گەیشتە (سوپەرلیگ) خولی نایابی تورکیا.
لە دوایین یاریی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا، ئەمڕۆ یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی ئیدرسپۆر بووەوە و هەردوو یانە بە ئەنجامی 3 گۆڵ یەکسان بوون.
ئەم یەکسانبوونە لەکاتێکدابوو کە ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر کە رکابەرەکەی ئامەدسپۆر بوو، یەکسان بوو و نەیتوانی لە یانەی پەندیک سپۆر بباتەوە کە ئەم ئەنجامە وایکرد ئامەدسپۆر راستەوخۆ سەربکەوێت.
ئامەدسپۆر بەو یەکسانبوونەی لەگەڵ ئیدرسپۆر کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 لە کۆی 38 یاری و لە خولی پلە یەکەوە چووە خولی نایابی تورکیا.
ئامەدسپۆر دووەمین بلیتی گەیشتن بە خولی نایابی بەدەستهێنا. هاوکات ئەرزەڕۆم سپۆر بە کۆکردنەوەی 81 خاڵ بلیتی یەکەمی بەدەستهێنا و زووتر ئەمەی مسۆگەر کردبوو.
پێنج یانەی دیکەی خولی پلە یەکی تورکیا (سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم و حەوتەم) بۆ بەدەستهێنانی بلیتی سێیەم دەکەونە رکابەری و یەکێکیان سەردەکەوێتە خولی نایاب.
دوو گۆڵکاری ئامەدسپۆر لە لیستی پێنج یەکەمین گۆڵکارانی خولەکەن.
مبایێ دیاگنێ بە تۆمارکردنی 29 گۆڵ گۆڵکاری خولەکەیە. هەروەها فلۆرێنت هاسانی کە ئەویش یاریزانی ئامەدسپۆرە، بە 19 گۆڵ چوارەمی لیستی گۆڵکارانە.
گۆڵکارەکەی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا، مبایێ دیاگنێ کە یاریزانی ئامەدسپۆرە گوتی: "ئەوە گەیشتینە خولی نایاب! ساڵی داهاتوو دەبمە گۆڵکاری ئەو خولەش. چاوەڕێم بکەن، من هاتم".
ئەرجە کاردێشلەر، گۆڵچیی یانەی ئامەدسپۆر گوتی: "ئێمە هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە خۆمان بۆ ئەم ساتە ئامادەکرد و هەوڵمان بۆی دەدا. ئێمە و جەماوەریشمان باوەڕمان بەوە دەکرد کە دەبینە پاڵەوان. بەڵێ جار و بار تووشی سەختی بووین، بەڵام دواجار گەیشتین. سوپاس بۆ خوای گەورە. من دەزانم شاری دیاربەکرد خولی نایابی لێ دەوەشێتەوە".
لەدوای یارییەکە هاندەرێکی یانەکە دوای یارییەکە پڕ بە دەنگی هاواری کرد و گوتی، "چەندین ساڵە دەڵێن، ناگەنە خولی نایاب، وەڵا ئەوە گەیشتین".