سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی دەم پارتی کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کرد.
نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی حوزەیرانی 2025 لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵار، هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد.
کورتولموش لەلایەن گوڵستان کڵچ کۆچیغیت و سەزایی تەمەللی، بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی پێشوازی لێکرا.
دوای ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی دران بە رۆژنامەڤانان، کۆبوونەوە لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە دەستی پێکرد.
بڕیارە دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش ببەسترێت.
لە 28ی ئایاری 2025ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ هەردوو پرسی نووسینی رەشنووسی دەستووری نوێ و پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ پرۆسەی چارەسەری، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا ئەنجامداوە.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.