ئەمساڵ 30 حاجیی باکووری کوردستان و تورکیا لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژی 30-05-2023 کە یەکەمین کاروانی حاجییانی تورکیا و باکووری کوردستان بەرەو وڵاتی سعودیە کەوتەڕێ تاوەکو ئەمڕۆ 2ی تەممووز، 30 حاجیی خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
 
ئاژانسی فەرمیی وڵاتی تورکیا زانیارییەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، لەو 30 حاجییەی لە وڵاتی سعوودیە گیانیان لەدەستداوە، هەشتیان ژن و 22یان پیاون. زۆربەی ئەو حاجییانە بەشێک لە فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندووە و بەهۆی جەڵتەی دڵەوە مردوون.
 
ئەمساڵ بەگشتی 92 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیاوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج روویان لە وڵاتی سعودیە کرد.
 
عەلی ئەرباش، سەرۆکی کاروباری ئایینیی تورکیا لە وڵاتی سعودیەوە قسەی بۆ میدیاکان کرد و رایگەیاند، ئەمساڵ وڵاتەکەی ژمارەی پێوانەیی 20 بۆ 30 ساڵی شکاندووە، "لە کاتێکدا پار ژمارەمان 37 هەزار و 770 کەس بوو، ئەمساڵ 92 هەزار و 500 کەس لە تورکیاوە هاتووینەتە عەرەبستانی سعودیە."
 
سەرۆکی کاروباری ئایینیی تورکیا رۆژی 23-06-2023 لەکاتی بەسەرکردنەوەی یەکێک لە حاجییەکانی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، تورکیا تیمێکی پزیشکیی 360 کەسیی ناردووە کە چاودێریی تەندروستیی حاجییان دەکەن. بەپێی گوتەی ئەرباش، زیاتر لە 45 هەزار حاجیی خەڵکی تورکیا لەلایەن ئەو تیمەوە پشکنینی سەرپێییان بۆ کراوە.
 
بەگوێرەی پلانەکانی سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا، رۆژی 24ی تەممووز دوایین کاروانی حاجییان دەگەڕێتەوە تورکیا.