تورکیا بۆ سێ مانگ هەناردەی رۆنی زەیتوون رادەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایدەگەیێنێت، بەهۆی زیادبوونی داواکاریی وڵاتان بۆ رۆنی زەیتوونی تورکیا و بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمەکە لە نێوخۆی وڵاتەکەدا، لە رۆژی 1-8-2023 تاوەکو 1-11-2023 هەناردەی رۆنی زەیتوون بۆ دەرەوە دەوەستێندرێت.
بریارەکەی وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لە شێوەی راگەیێندراوێک رۆژی سێشەممە، 1-8-2023 لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتەکەدا بڵاوکرایەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە، "بەهۆی وشکەساڵییەوە لە وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتیش لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا لە وەرزی 2022/2023 بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون 20٪ کەمبووەتەوە، بەڵام لە تورکیادا بەرهەمهێنانی زەیتوون 62٪ زیادیکردووە."
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا هەروەها ئاماژەیکردووە هەناردەی رۆنی زەیتوونی تورکیا لە تشرینی دووەمی 2022 تاوەکو تەممووزی 2023 بە رێژەی 240٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 136 هەزار و 500 تۆن.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 189 ملیۆن دار زەیتوون هەن و ساڵانە ئەو ژمارەیە لە زیادبووندایە. زۆرترین دار زەیتوون دەکەوێتە پارێزگای ئایدنی رۆژئاوای تورکیا.
ئیتاڵیا، ئیسپانیا و ئەمریکا سێ وڵاتی پێشەنگن لە بەرهەمهێنان و هەناردەی زەیتوون.