ئەردۆغان: کورد و تورک ئێسک و گۆشتن لە یەکدی جیاناکرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری دەداتە یەپەگە و دەڵێت، هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسەیە بدات، باجەکەی دەدات.  دەشڵێت کەس ناتوانێت کورد و تورک لە یەکدی جیابکاتەوە، هەروەک چۆن ئێسک و گۆشت لە یەکدی جیاناکرێنەوە.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی ئەیلولی 2025 لە نێو فڕۆکەدا لە کاتی گەڕانەوەی لە گەشتی چین، رۆژنامەنووسێک لێی پرسی: "ئایا ئیسرائیل رێگرە لەوەی یەپەگە بە پێچەوانەی رێککەوتنەکە بچێتە ناو سوپای سووریاوە؟" لە وەڵامدا رایگەیاند: "زۆر بە روونی دەیڵێم، هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسەیە بدات باجەکەی دەدات".
 
ئەردۆغان گوتی: "دەمانەوێت خۆشگوزەرانی و ئارامیی هەمیشەیی لە سووریای دراوسێمان مسۆگەر بکرێت و گرنگی بە یەکێتی و یەکڕیزییەکەی دەدەین. رووداوەکانی رابردووی نزیک ئەوەیان دەرخستووە کە نائارامی لە سووریا، زۆرترین کاریگەری لەسەر ئێمە هەیە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری دا و گوتی: "نە ئێمە چاوپۆشی لەوانە دەکەین دەیانەوێت لە خاکی سووریادا پشێوی بنێنەوە، نە ئیدارەی دیمەشقیش بەمە رازی دەبێت".
 
ئەردۆغان بەبێ ئەوەی ناوی کەس بهێنێت دەڵێت لە سووریا زۆر کەس سەرقاڵی ئاژاوەنانەوەن و گوتی: "ئێمە دەمانەوێت سووریا بە هەموو رەنگەکانییەوە یەک و یەکگرتوو بێت و هەر بەو شێوەیەش بمێنێتەوە. سەرۆککۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع و ئیدارەکەی وەکو ئێمە بیردەکەنەوە. بەڵام زۆرن ئەوانەی دەیانەوێت ئاژاوە بنێنەوە، دیارە کە ئەمانە کێن."
 
سەرۆککۆماری تورکیا پاڵپشتی خۆی بۆ سووریا دووپاتکردەوە و گوتی: "سووریا بە تەنیا جێناهێڵین. بە پشتیوانی خودا کەس ناتوانێت رێگری لە دووبارە هەستانەوەی سووریا بکات. بارۆنەکانی جەنگ کە وەبەرهێنان لە ئاژاوەدا دەکەن، ئەمجارە دەدۆڕێن. گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، بێ جیاوازی عەرەب، کورد، تورکمان، نوسەیری، سوننە و مەسیحی، سەردەکەوێت". 
 
"کورد و تورک ئێسک و گۆشتن"
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسەیە بدات، باجەکەی دەدات. کورد لە هەر کوێیەک بژین، برای ئێمەن. هیچ کەسێک ناتوانێت ئێمە لە یەکدی جیابکاتەوە. هیچ کەسێک ناتوانێت بۆسە بۆ برایەتیی هەمیشەیی ئێمە دابنێت. چۆن گۆشت لە ئێسک جیا نابێتەوە، ئاواش ئەم برایەتییەی ئێمە لە یەکدی جیا نابێتەوە."
 
سەبارەت بە کارەکانی ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێنراوە گوتی: "بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان کرد، بە شێوەیەکی دڵسۆزانە ئەم گەڕانەمان گەیاندووەتە خاڵێکی دیاریکراو. ئەوان پرۆسەی داهاتووش بە هەمان سووربوونەوە بەڕێوەدەبەن. باوەڕم وایە لە کۆتاییدا تورکیا کێشەیەکی 40 ساڵە لەناودەبات و وەکو یەک و یەکگرتوو هەنگاو بەرەو داهاتوو دەنێت."
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی: "ئەو سەرچاوانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەرخانکراون، لەمەودوا بۆ گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و هەلی کار خەرج دەکرێن. براوەی تورکیای بێ تیرۆر هەموو تورکیایە، براوەی ناوچەی بێ تیرۆریش هەموو گەلانی برای ناوچەکەمان دەبن."