هەڕەشەی باخچەلی لە هەسەدە: ئەنقەرە و دیمەشق ناچاربن دەستوەردانی سەربازی دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی مەهەپە دەڵێت، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ش دەگرێتەوە.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ئاماژەی بە رێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کرد و گوتی، "پێویستە بزانرێت، ئەگەر ئەو رێککەوتنە وەکو خۆی جێبەجێ نەکرێت، دەستوەردانی سەربازی دەبێتە بژاردەیەکی هاوبەش و ناچاری بۆ دیمەشق و ئەنقەرە."
 
دەوڵەت باخچەلی رۆژی سێشەممە 02-09-2025 راگەیێندراوێکی نووسراوی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل رۆژ بە رۆژ لە سووریا هەوڵ بۆ دروستکردنی شەڕێکی نێوخۆیی و خوێناوی دەدەن، "ئیسرائیلی داگیرکەر بە ئۆپەراسیۆنی شاراوە، بە چەک و بە زۆر، بە شێوەیەکی ئاشکرا یەکپارچەیی سیاسی و خاکی سووریا دەکاتە ئامانج. ئەم دۆخە نەوەک تەنیا بۆ سووریا، بەڵکو بۆ تورکیاش مەترسییەکی گەورەی ئەمنییە."
 
دەوڵەت باخچەلی سەرنجی خستوەتە سەر بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" کە رۆژی 27-2-2025 لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە کرا.
 
سەرۆکی مەهەپە دەڵێت، "هەسەدە و یەپەگە لەم بانگەوازە بێبەش و بەدەر نین. لە داهاتوویەکی نزیکدا باش دەردەکەوێ کە ئایا تەواوی باڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز لە تاقیکردنەوەی دڵسۆزی و راستگۆیی رێبەرەکەیان دەردەچن یان نا. پێویستە هەسەدە و یەپەگە دڵسۆزی نیشانی ئیمراڵی بدەن و بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی 27ی شوبات بجووڵێنەوە. ئەمە جگە لەوەی لە بەرژەوەندیی هەمووانە، زۆرترین سوود بە داهاتوویەکی بێ تیرۆر و ئارامیی ناوچەکە دەگەیێنێت."
 
دەوڵەت باخچەلی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل هەمیشە هەوڵی دابەشکردن و پارچەپارچەکردنی سووریا دەدات و گوتی: "ئاشکرایە کە هەسەدە/یەپەگە لەژێر رێبازی ئیسرائیلدان. مەزڵووم عەبدی، سەرۆکی یەپەگە لەو ڤیدیۆیەدا کە بۆ کۆنفرانسی نەتەوەیی گەنجانی رۆژئاڤا لە ئەڵمانیا ناردی، گوتوویەتی، ئەگەری ئەوە هەیە ئاگربەستی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام نەبێ و ئەگەری روودانی رووبەڕووبەنەوە هەیە."
 
باخچەلی رایگەیاند، پێویستە هەسەدە/یەپەگە ئەو رێککەوتنەی رۆژی 10ی ئاداری 2025 لەگەڵ دیمەشق واژۆی کردووە، بە تەواوی وەک خۆی جێبەجێی بکات و گوتی، "بە پێچەوانەوە، پێویستە هەمووان بزانن کە بە ویستی هاوبەشی ئەنقەرە و دیمەشق، دەستوەردانی سەربازی دەبێتە ناچاری."