وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، 20 کەسیان بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکردووە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە هەڵمەتێکی بەرفراواندا 20 کەسیان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستگیرکردووە. 
 
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2023، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی، تیمەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەڵمەتێکی بەرفراوانیان لە 26 شوێن لە هەردوو پارێزگای ئیستەنبووڵ و کرکلارئێلی ئەنجامدا. 
 
عەلی یەرلیکایا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بووە کە ئەو بە "تیرۆریستی جوداخواز" ناویهێنان؛ هەروەها بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بووە، کە هاوکارییان دەکەن بە حەشاردانیان و ماڵەکانیان کردووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆیان. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا باس لەوەش دەکات، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا 20 کەس دەستگیرکران کە گوتەبێژی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵ و هاوسەرۆکی یەکێک لە شارۆچکەکانی هەدەپە لەو پارێزگایەدا لەنێو دەستگیرکراوەکاندان. 
 
هەڵمەتەکە دوای ئەوە هات، کاژێر 09:30ـی بەیانیی رۆژی یەکشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2023 هێرش کرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە؛ یەکێک لە هێرشکارەکان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەش کوژرا و دوو پۆلیسیش بریندار بوون. 
 
دوای رووداوەکە، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ئۆباڵی ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت و لە راگەیێندراوێکدا ناسنامەی هێرشکارەکانی ئاشکراکرد و رایگەیاند، رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین کە "ئەندامی کەتیبەی فیدایی نەمران"ـن ئەنجامیان داوە. 
 
لە راگەیێندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، "هێرشەکە وەکو ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو، بەڕێوەچوو. ئاکەپە و مەهەپە زەرەر و زیانەکانی خۆیان لە رای گشتی دەشارنەوە. کەتیبەی فیدایی نەمران دەیانتوانی بە گۆڕانکارییەکی بچووک لە کاتی چالاکییەکەدا ئەنجامی جیاوازتر بپێکین، بەڵام بە مەبەست ویستیان بەو جۆرە چالاکییەکە بکەن و پەیامێک بدەن".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەو چالاکییە بەرپەرچدانەوەی تاڵانکاری و کۆمەڵکوژیی فاشیزمانەیە لە رۆژئاوای کوردستان؛ هاوکات وەڵامێکە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا. ئەو چالاکییە بەتایبەتی لە رۆژی کرانەوەی پەرلەمان لەلایەن رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین ئەنجامدرا".