وەزیری دادی تورکیا لەبارەی دیداری ئۆجەلان: کۆمیسیۆنەکە بڕیار دەدات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی دیداری کۆمیسیۆنی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، بڕیارەکە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمان و کۆمیسیۆنەکەیە.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا شەوی رابردوو 1-10-2025 لە رێوڕەسمی کردنەوەی ساڵی چوارەمی 28ـەمین خولی پەرلەمان، وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی سەردانەکان بۆ دوورگەی ئیمراڵی گوتی: "پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە کە بۆ ئەو پرۆسە راسپێردراون، ئێستا لەسەر ئەم بابەتە لە دیدار و گوتوێژدان. کاتێک پەرلەمانتارانی دەم پارتی داوای سەردان دەکەن، داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت. تاوەکو ئێستا سەردانیان کردووە."
ماوەیەکە گوێگرتنی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان لە ئۆجەلان بووەتە رۆژەڤی تورکیا.
تونچ سەبارەت بە گفتوگۆکانی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتی: "ئەوە بڕیارێکە لیژنەکەی پەرلەمان دەیدات. ئەمە بە بڕیارێک جێبەجێ دەکرێت کە سەرۆکی پەرلەمان و کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی دەیدەن".
چوارشەممە، 1-10-2025، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمراڵی رایگەیاند، پێویستە چی زووە کۆمیسیۆنەکە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیدار سازبکات.