بولەنت ئارنچ: ئەوانەی قسە لەسەر بەڕێز مەسعود بارزانی دەکەن هێشتا نایناسن

رووداو دیجیتاڵ

بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا لەبارەی چوونی سەرۆک بارزانی و ئەو رەخنانەی لە پاسەوان و ئاڵای کوردستان گیران، دەڵێت:" ئەو مشتومڕانە نابەجێن.''
 
لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ، بولەنت ئارنچ رایگەیاندووە: "بەشداریکردنی بەڕێز مەسعود بارزانی لە سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری کە لە شرنەخ سازکرا، ئەرێنیانە پێشوازیی لێکرا".
 
بولەنت ئارنچ کە هاوکات یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتییە، نووسیویەتی: "منیش رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە بە بەشداریکردنی جێگری وەزیری ناوخۆمان، پارێزگار، پەرلەمانتارانی پێشوو و ئێستای ئاکپارتی و زانایان بە کارێکی زۆر دروست دەزانم".
 
ئەم هەڵوێستەی بولەنت ئارنچ لەکاتێکدایە کە چوونی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بە چەک و بوونی ئاڵای کوردستان لەسەر شانیان، کاردانەوەی لێکەوتەوە.
 
ئارنچ لەمبارەیەوە دەڵێ: "تێبینیم کردووە لەبارەی ئەو سیمپۆزیۆمەوە لە شەقامدا زۆر مشتومڕ دروستبووە. ئەو مشتومڕانە بە نابەجێ دەزانم. زۆربەی ئەوانەی قسەی لەسەر دەکەن، مەسعود بارزانی ناناسن و پێشوەختە حوکمی لەسەر دەدەن. بەڕێز مەسعود بارزانی لە ساڵی 1979ـەوە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و ئەو پارتە هێشتا زۆرینەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە. هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە". 
 
ئارنچ لەبارەی سیمپۆزیۆمەکە دەڵێ: "کۆبوونەوەیەکی زانستی بووە و مەلای جزیریش یەکێکە لە زانایانی سەردەمی عوسمانی کە لە نێوان ساڵانی 1567 بۆ 1640 ژیاوە؛ ئەویش وەکو ئەحمەدی خانی و فەقێی تەیران کوردە و یەکێکە لە بەها هاوبەشە ئایینی و کولتوورییەکانی ئەم ناوچەیەیە."
 
بولەنت ئارنچ هەروەها بە "هەڵە"ـی دەزانێ بە چاوی خراپ تەماشای کۆبوونەوەیەک بکرێت کە تێیدا یاد و بەرهەمەکانی ئەو زانایانە دەخوێنرێنەوە، پێشی وایە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو جۆش و خرۆشەی لە ناوچەکەدا دروست بووە، دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ. 
 
هەروەها لەبارەی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی لەسەر پرۆسەی چارەسەری، ئارنچ دەڵێت: "بەڕێز مەسعود بارزانیش لە گوتارەکەی دا پەیامی زۆر گرنگی لەبارەی پرۆسەکە دا. بۆیە ناتوانم تێناگەم لە هەندێک لەو رەخنانە، بەڵام ئەو کاردانەوانەش بە رەوا دەبینم کە لەبارەی دیمەنی پاسەوانە چەکدارەکانن و بوونەتە تەوەری سەرەکیی رەخنە نەرێنییەکان. تورکیا ئاسایشی بەڕێز بارزانی زۆر بە باشی دەپارێزێت، هەروەکو چۆن ئاسایشی هەموو ئەو بەرپرسە فەرمییانە دەپارێزێت کە سەردانی دەکەن".
 
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی هەروەها دەڵێت: "تورکیا چەندە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ بێت، بەڕێز بارزانی و حکومەتەکەشی ئەوەندە بۆ ئێمە گرنگن. ئێمە لەگەڵ هیچ شتێکدا نین کە سایە و سێبەر بخاتە سەر ئەم پەیوەندییانە. من ئارەزوو دەکەم زۆر زیاتر ئەو (سەرۆک بارزانی) لە تورکیا ببینم".
 
بولەنت ئارنچ هەروەها ساڵی 2013ی بەبیرهێناوەتەوە کە پرۆسەی چارەسەری لە ئارادا بوو و دەڵێت: "ساڵی 2013 لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری، بەڕێز مەسعود بارزانی هاتە دیاربەکر و پشتیوانییەکی گەورەی لە پرۆسەکە کرد. دۆستی تورکیایە. بە پرۆسەکانی ئاشتییەوە، هەمیشە لە پاڵ تورکیا وەستاوە و ناوێکی زۆر خۆشەویست بووە لەلای کوردە موحافیزکارەکانی وڵاتەکەمان. لە رابردووەوە تاوەکو ئەمڕۆ رووبەڕووی پەکەکە بووەتەوە. ئێستاش وەک کەسێک لە پاڵ تورکیا، یەکێکە لەو ناوانەیە کە گەورەترین پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکات".
 
چی روویدابوو؟
 
 رۆژی شەممە 29-11-2025، سیمپۆزیۆمی مەلای جزیری بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی لە شارۆچکەی جزیری سەر بە پارێزگای شرنەخ بەڕێوەچوو.
 
خەڵکی جزیر و باکووری کوردستان پێشوازییەکی گەرمیان لە سەرۆک بارزانی کرد و گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە سروود و گۆرانیی کوردانە بڵاوکرانەوە.
 
ئەم دیمەنانە و گرتەی ڤیدیۆیی پاسەوانانی سەرۆک بارزانی بە چەک و ئاڵای کوردستان کە لەسەر قۆڵیان بوو،  کاردانەوەی بەشێکی تورکە نەتەوەپەرستەکانی لێکەوتەوە.