ئەردۆغان: کەسانێک هەوڵی پەکخستنی سیستمی دادوەری دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە دادوەر و داواکارانی گشتی کە رۆژی سێشەممە 2-12-2025 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گوتاری پێشکێشکرد و رایگەیاند کە چەند لایەنێک هەڕەشە لە دادگە دەکەن و هەوڵی پەکخستنی سیستمی دادوەری دەدەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای لە لایەنەکان کرد، رێز لە دادگە و بڕیارەکانی بگرن و دەڵێت: "لەکاتێکدا دادگەکان تەنیا بە بڕیارەکانیان دەدوێن ئەگەرنا بێدەنگن، نابێت ئەمە وەکو خاڵی لاواز سەیر بکرێت و نابێت هیچ کەسێک بیقۆزێتەوە، بە نیگەرانییەوە دەیڵێم کە گرنگی بەم بابەتە نەدراوە. بەتایبەتی لە چەند مانگی رابردوودا شێوازێک دەبینرێت شێوازێک لە سیاسەت باڵادەستە کە دەستە و کارمەندانی دادگە دەکاتە ئامانج، تەنانەت هەندێک جا دەگاتە هەڕەشە".
ئەردۆغان جەختی لەسەر گەندەڵی و بەرتیل کردەوە و گوتی: "بەرەنگاربوونەوەی ئەمانە ئەرکی سەر شانە نەوەک کاری زیادە. ئەوانەی دەڵێن دادگە بە سیاسی کراوە، ئەوان خۆیان دادگەیان بە سیاسی کردووە و من ئەمە زۆر بە مەترسیدار دەزانم".
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە، ئێستا هەڵمەتێکی فراوان لەسەر شارەوانییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە و ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک شارەوانییەکانی لە زینداندان.
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "دەستە و کارمەندانی دادگە کە کارەکانیان بە گوێرەی دەستوور و لە چوارچێوەی یاساکان بە نیازپاکی و راست و دروستی رادەپەڕێنن، پێویستە پشتیوانیان بکەین، ئەوانەی لە هەر دەرفەتێکدا پەنجە لە دادوەر و داواکارانی گشتی بەرزدەکەنەوە و هەڕەشەیان لێ دەکەن و دنەیان دەدەن و هەوڵی پەکخستنی سیستمی دادوەری دەدەن، گەورەترین ترسیان ئەوەیە لەبەردەم دادوەری دەمامکەکانیان بکەوێتە خوارەوە".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها دەڵێت، ماوەی 23 ساڵە هەموو هەوڵێکیان لەپێناوی دیموکراسی، ئازادی، یاسا و ماف داوە و بەردەوام دەبن.