ئامەدسپۆر دژی سزادانی بەهۆی کەزییەوە هەڵوێست وەردەگرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی کەزی، یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆری بە نزیکەی 18 هەزار و 500 دۆلار سزادا. ئەو یانەیە ناڕەزایی دەردەبڕێت.
 
ئامەدسپۆر، پێشەنگی خولی پلە یەکی تورکیا، چەند بڕیارێکی لە دژی ئەو سزایە دەرکرد کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی کەزییەوە بەسەریدا سەپێندراوە.
 
لە راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی یانەکەدا جەخت کراوەتەوە کە سزاکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و پێشێلکردنی ئازادیی رادەربڕینە.
 
دوای ئەوەی لیژنەی دیسپلینی تۆپی پێی تورکیا، بڕیاری سزای دارایی بە بڕی 802 هەزار و 500 لیرە (نزیکەی 18 هەزار و 500 دۆلار)ی بەسەر یانەکەدا سەپاند و ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەکەشی بۆ ماوەی 15 رۆژ لە چالاکیی وەرزشی بێبەش کرد، ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئامەدسپۆر کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازکرد.
 
مەتین کلاڤوز، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئامەدسپۆر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە تووندی رەخنەی لە بڕ و هۆکاری سزاکە گرت.
 
کڵاڤوز گوتی: "بەهۆی ڤیدیۆیەکەوە کە 23ی کانوونی دووەم لە لاپەڕەی فەرمیمان بڵاوکراوەتەوە، یەکێک لە قورسترین سزاکانی مێژووی یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا بەسەر یانەکەماندا سەپێنرا. ئەمە لەدەستدانی عەقڵە. ئێمە بەبێ لادان لە چوارچێوەی یاسایی، بەرگری لە مافەکانی ئامەدسپۆر دەکەین. تکایە لێگەڕێن با تۆپی پێ لە ناو یاریگەکان بێت، نەوەک بیهێننە سەر مێزەکان".
 
سۆرگول ئایتەک، بە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنی راوێژکاری، وردەکاریی ڤیدیۆکەی روونکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ڤیدیۆکە لە بنەڕەتدا بۆ یاریی تیپی ژنان بەرامبەر ترابزۆنسپۆر لە رۆژی 22ی تشرینی دووەمی 2025 ئامادەکراوە.
 
ئایتەک هەروەها گوتی: "ڤیدیۆکە تەنیا پیشاندانی کەزیی قژی کچێکی گەنجە، ئامانجی ئەوەیە ژنان لە وەرزشدا دەربکەون و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی دژی تووندوتیژی دروست بکرێت. پێشتر بڵاوکراوەتەوە و هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبووە، بەڵام ئێستا بە تۆمەتی 'پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژی' یانەکەمان دراوەتە لیژنەی دیسپلین. ئەم بڕیارە بە ئاشکرا پێچەوانەی دەستوور و رێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپایە. ئەم بڕیارە کە پاڵپشتیی هیچ بەڵگەیەکی کۆنکرێتی ناکات، لەگەڵ پرەنسیپە سەرەکییەکانی یاسادا یەکناگرێتەوە."
 
لیژنەی دیسپلینی سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا، رۆژی 22-1-2026 بەهۆی بڵاوکراوەی گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت بە ترێندی کەزی لە هەژماری فەرمیی یانەی ئامەدسپۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سزای بەسەر ئەو یانەیەدا سەپاند.
 
یەکێتییەکە ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بە هۆکاری لەکەدارکردنی ناوبانگی تۆپی پێ و دامەزراوەکان وەسفکردووە و دەڵێ، کە ئەوە پڕوپاگەندەی ئایدیۆلۆژیی لەخۆگرتووە.
 
ئامەدسپۆر ئێستا لە پلەی یەکەمی خولی یانە پلەیەکەکانی تورکیایە و ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێت، ساڵی داهاتوو لە خولی سوپەرلیگی تورکیا؛ رکابەری یانەکانی گاڵاتاسارای، فەنەرباخچە و بێشکتاش دەکات.