سبەی کۆمیسیۆنی چارەسەری پرسی کورد کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە، بۆ تاوتوێکردنی راپۆرتی کۆتایی کۆدەبێتەوە. 
 
سبەی چوارشەممە کاژێر 14:00 هاوئاهەنگیکارانی پارتە سیاسییەکانی ئاکپارتی، مەهەپە، دەم پارتی و جەهەپە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کۆدەبنەوە.
 
پرۆسەکە، لە تشرینی یەکەمی 2024ـدا بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەی زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکردبوو. چاوەڕوان دەکرێت کۆمیسیۆنەکە لەم کۆبوونەوەیەدا تیشک بخاتە سەر نووسینەوەی راپۆرتەکە کە نەخشەڕێگەی پرۆسەکە لەخۆدەگرێت.
 
فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و ئەندامی کۆمیسیۆنەکە، لە رۆژانی رابردوودا لەبارەی شێوازی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە و پرۆسەی پەسندکردنی راپۆرتەکە رایگەیاندبوو، "راپۆرتی هاوبەش بە زۆرینەی شایستە پەسند دەکرێت."
 
دوای رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی یەک بۆ دوو هەفتەدا راپۆرتی کۆمیسیۆنەکە تەواو بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە و دواتریش سەردانی ئیمراڵی بکات.