باخچەلی: تاوەکو ئۆجەلان بە مافی هیوا و دەمیرتاش بە ماڵەکەی شاد دەبنەوە، بڕیارمان روونە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە پەیامێکدا بۆ دەم پارتی رایگەیاند، دەبێت رێز لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بگرن، چونکە لەسەر بەڵێنەکانی خۆی بووە. دەشڵێت: "تاوەکو ئەو کاتەی ئۆجەلان بە مافی هیوا و دەمیرتاش بە لانەی خۆی شاد دەبێتەوە، بڕیاری ئێمە روونە."
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی شوباتی 2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا پێشکێش کرد.
باخچەلی داوای لە دەم پارتی کرد رێز لە ئۆجەلان بگرن و گوتی: "سەرکردایەتیی دامەزرێنەری پەکەکە، لە دوای 27ـی شوباتی 2025ـەوە، لەسەر هەموو ئەو بەڵێنانە وەستا کە دابووی و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە و چەکدانانی مسۆگەر کرد؛ مادام مەبەستەکە هاتە دی، کەواتە ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمەش ئەوەیە داوای رێزگرتن لە ئۆجەلان لە دەم پارتی و هەموو پاشکۆکانی بکەین."
سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان و سووریا، سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، بانگەوازەکەی شوباتی ساڵی رابردووی ئۆجەلان لە سووریاش وەڵامی ئەرێنی وەرگرتووە و گوتی: "لە سووریا هاوسەنگی و پارادایمێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە؛ رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق بۆ سەروەریی سووریا و سەقامگیریی بەردەوام گرنگە."
بەگوێرەی قسەکانی باخچەلی، هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە دەبنە سێ فیرقە و لەژێر لیوایەکدا کۆدەکرێنەوە، هێزەکانی کۆبانێش بە فیرقەیەکەوە بە حەلەبەوە دەبەسترێنەوە. گوتیشی: "وا تێدەگەین کە یەکخستنی سەربازی و ئەمنی لەنێو فیرقەکاندا وەکو تاک دەکرێت."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، دەوڵەت باخچەلی باسی لە "مافی هیوا" بۆ ئۆجەلان و ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و گەڕانەوەی ئەحمەد تورک بۆ سەر کارەکەی کرد و گوتی: "تاوەکو ئەو کاتەی ئانادۆڵ بە ئارامی، ئۆجەلان بە هیوا، ئەحمەدەکان بە پۆست و دەمیرتاش بە لانەی خۆی شاد دەبێتەوە، بڕیاری ئێمە روونە."
دەقی قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە
"سەرکردایەتیی دامەزرێنەری پەکەکە، لە دوای 27ـی شوباتی 2025ـەوە، لەسەر هەموو ئەو بەڵێنانە وەستا کە دابووی؟ وەستا. هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز و سووتاندنی چەکەکانی مسۆگەر کرد؟ مسۆگەری کرد. بانگەوازی 27ـی شوبات بۆ پەکەکە و هەموو پێکهاتەکانی رێکخراوەکە پابەندکەر بوو؟ بوو. مادام مەبەستەکە هاتە دی، کەواتە ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمەش ئەوەیە کە داوای رێزگرتن لە سەرکردایەتیی دامەزرێنەری پەکەکە، لە دەم پارتییەوە تاوەکو هەموو پاشکۆکانی رێکخراوەکە، بکەین و چاوەڕێی بکەین".