دەم پارتی: پێویستە هەنگاوی یاسایی بنرێن و دان بە مافەکانی کورد دا بنرێ


رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێ، رێککەوتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دیمەشق بە ئەرێنی دەزانن و پێویستە ئیدی لە ئەنقەرە هەنگاوی یاسایی بنرێن و دان بە مافەکانی کورددا بنرێت.
 
تونجەر باکرهان، رۆژی سێشەممە سێی شوباتی 2026، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە ئەنقەرە گوتارێكی پێشکەش کرد. 
 
باکرهان گوتی: "پێویستە ئیدی تورکیا وزەی خۆی بۆ دیمەشق بەفیڕۆ نەدات، بەڵکو بۆ ئەنقەرە بێت و سەرنجی لەسەر چارەسەریی ئەنقەرە بێت،
چارەسەریی ئەنقەرە کاریگەریی لەسەر هەموو شوێنێک دەبێت. ئیدی بیانووی نیگەرانییە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای سووریا بە دەستی دەسەڵاتەوە نەماوە و نییە".
 
باکرهان ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە کارە یاساییەکان کە مافەکانی کورد و دیموکراسیی تورکیا مسۆگەر دەکەن، بکرێن و گوتی: "پێش ئێمە لەسەر ئەم کورسییە بەڕێز باخچەلی قسەی کرد. تورکیایەک لە شەرمی قەییومەکان رزگاری بووبێت و 'مافی هیوا' کە بەڕێز باخچەلی باسی کرد، داواکارییەکانی ئێمەشە. پێویستە دەسەڵاتداران ئیدی لەم بابەتانەدا ئەو هەنگاوانە بنێن کە بەڕێز باخچەلی باسی کردن. دەبێت
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: "ئەم پرۆسەیە بە ویستی بەهێزی پەرلەمان و بە هەنگاوی روون و بوێرانە بچێتە پێشەوە. داننان بە ناسنامە، زمان و کولتوور و بەهێزکردنی دیموکراسیی خۆجێی، تەنیا رێگەیە کە کورد هەست بکات لە ماڵی خۆی و لە ئارامیدایە."
 
باکرهان، باسی ئەوەی کرد دژی کورد رەگەزپەرستی دەکرێ، بەڵام دەسەڵات لە رووی یاسایی و سیاسییەوە هیچ شتێک ناکات و ئەمەش دژی بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆی تورکیایە.
 
رۆژی سێشەممە سێی شوباتی 2026، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، باسی لە "مافی هیوا" بۆ ئۆجەلان و ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و گەڕانەوەی ئەحمەد تورک بۆ سەر کارەکەی کرد.