بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئۆرسام: ئەم پرۆسەیەی ئێستا لە پڕێکدا رووینەدا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتيژی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (ئۆرسام) لە ئەنقەرە، لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەڵێت، لایەنە سیاسییەکان هەنگاوی ئەرێنی دەنێن. هەروەها دەڵێت، بۆ ئەوەی شەڕ کۆتایی پێبێت، پێویستە کار لەسەر بووژاندنەوەی ئابووریی ناوچەکە بکرێت.
قادر تەمیز، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتيژی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (ئۆرسام) رۆژی یەکشەممە، 2ی ئاداری 2025 میوانی بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی حکومەتی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەر گوتی: ''ئێستا لە سەروبەندی پرۆسەیەکی نوێداین، بۆیە ناتوانین لەبارەی هەندێک پێشهاتی کردەییەوە قسە بکەین، بەڵام ویستی لایەنەکان بۆ هەنگاوی ئەرێنی بەردەوامە".
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئۆرسام ئاماژەی بەوەشکرد، کاری لە پێشینەی تورکیا لە ناوچەکە بووژاندنەوەی ئابووری و سەقامگیرکردنی ئاسایشە، پێشیوایە، دەبێت سەرەتا لە ناوچەکە کار لەسەر بووژاندنەوەی ئابووری بکرێت، ئەگەرنا شەڕوپێکدادانەکان بەردەوام دەبن.
هەڤپەیڤین: هێڤیدار زانا
رووداو: سری سوورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەڵێت، هەفتەی داهاتوو شاندەکەیان لەگەڵ شاندی حکومەت کۆدەبێتەوە، ئایا لە کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی و شاندی حکومەت چ بابەتێک تاوتوێ دەکرێت؟
قادر تەمیز: ئێستا لە سەروبەندی پرۆسەیەکی نوێداین، بۆیە ناتوانین لەبارەی هەندێک پێشهاتی کردەییەوە قسە بکەین. ویستی لایەنەکان بۆ هەنگاوی ئەرێنی بەردەوامە. خۆتان دەزانن ئەم پرۆسەیە لە پڕێکدا دەستیپێنەکرد، لە ژێر رۆشنایی کۆمەڵێک پێشهاتی ناوچەیی و جیهانی دا دەستیپێکرد، لایەنەکانیش لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان ئاگادارن، بە تایبەت دوایین رووداوەکانی سووریا. دوای کشانەوەی هەندێک لە کارەکتەرەکانی ناوچەکە، تورکیا و کارەکتەرەکانی دیکە دەستپێشخەرییان کرد. لەبەر ئەم هۆکارانە، پێشهاتی کردەیی روودەدەن، ئێستا تەنیا راگەیێندراوێک هەیە، دوای ئەمە، هەموومان چاوەڕێین هەنگاوی کردەیی رووبدەن و ببێتە مایەی بەقەرارکردنی ئاشتی، سەقامگیری و دیموکراسی بۆ گەلی کورد، تورکیا و ناوچەکە.
رووداو: پەکەکە ئاگربەستێکی تاکلایەنەی راگەیاند، دەیەوێت ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە بکات و لە کۆنگرەکەدا بڕیار بدات چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنتەوە، بەڵام هێشتا شەڕ بەردەوامە و هەلیکۆپتەرەکان لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکەن، چۆن پەکەکە لە هەلومەرجێکی وەهادا کۆنگرە ببەستێت، بۆچی حکومەت رێوشوێنی پێویست ناگرێتەبەر؟
قادر تەمیز: تورکیا لە ناوچەکە دوو کاری لەپێشینەی هەن. تورکیا هەر لەسەرەتاوە جەختی لەمە کردووەتەوە، ئێمەش وەک ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتيژی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی کردوومانن، تێبینی ئەو دوو کارە لەپێشینەیە لە ناوچەکە دەکەین. یەکەمیان؛ هەموو گەلانی ناوچەکە داوای بووژاندنەوەی ئابووری دەکەن، ئەمە لە باشوورەوە تاوەکو باکوور، لە رۆژهەڵاتەوە تاوەکو رۆژئاوا، گەلانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، داوای بووژاندنەوەی ئابووری دەکەن. سووریا، غەززە، عێراق و جوگرافیای کوردستان، وڵاتانی باڵقان و ئاسیای نێوەڕاست، هەموویان لە شەڕ ماندوو بوون. لە تورکیا رۆژەڤێکی ئەرێنی بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی ئەو ناوچانە هەیە، ئەم پرۆسەیە لەمێژە کاری بۆ کراوە. ئەو لایەنەی پەیوەندیی بە عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردی عێراقەوە هەیە، رۆژەڤی رێگەی گەشەپێدانی عێراقە. کاری لەپێشینەی دووەم؛ بابەتی سەقامگیرکردنی ئەمنییە.
رووداو: پەکەکە ئاگربەستی راگەیاندووە و بڕیارە کۆنگرە ببەستێت، بەڵام هێشتا شەڕ بەردەوامە، چۆن لەژێر هێرش و بۆردوومان دا کۆنگرە ببەستێت و چەک دابنێت؟
قادر تەمیز: منیش رێک دەمویست ئەمە بڵێم، دەبێت لایەنەکان ئەم دیوە ئەرێنییە ببینن. تورکیا هەنگاوێکی ئەرێنی دەنێت، بەڵام ئەمە هەمیشە لایەنێکی ئەمنیی هەیە، ئەگەر لە بابەتی بووژاندنەوەی ئابووری، سیستەمی سیاسی و دانانی چەک هەنگاوی ئەرێنی نەنرێن، بابەتی ئەمنی بەردەوام دەبێت، بەداخەوە ئەمە، وەک راستییەکی ناوچەکەمان بەردەوامە. من پێموایە کۆماری تورکیا لە پاڵ کارە لەپێشینە ئەمنییەکانی دا، کار لەسەر بووژاندنەوەی ئابووری، سیستەمی سیاسی و ویستی سیاسی دەکات و ئەم حکومەتەی ئێستاش هەر لەگەڵ ئەم بژاردەیەیە. ئێستا راگەیێندراوێک هەیە و لە بەرامبەر ئەم راگەیێندراوەش دا گوتەیەک هەیە. ئەمە پرۆسەیەکی ئەرێنییە، ئەم پرۆسەیەش بەرەو کوێ دەڕوات، هەموومان پێکەوە دەیبینین. بۆیە دەبێت بابەتی ئەمنی و رۆژەڤی ئەرێنی (بووژانەوەی ئابووری) بە دروستی خوێندنەوەی بۆ بکرێت، هیچ کەسێک ناتوانێت لە یەک کاتدا کۆتایی بەم دوو بابەتە بهێنێت.